ئۆبامیانگ بووەتە سێبەری قەیرانێکی نوێ لە نێوان یانە و هەڵبژاردە

PM:12:07:26/12/2025

68 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئۆبامیانگ بووەتە سێبەری قەیرانێکی نوێ لە نێوان یانە و هەڵبژاردە و مارسیلیاش لە هەڵبژاردەی گابۆن نیگەرانە.

کارگێڕی یانەی ئۆڵۆمپیک مارسیلیا فەڕەنسی بە توندی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی گابۆن دەربڕی، دوای ئەوەی سەرەڕای پێکانەکەی، پیێر ئیمریک ئۆبامیانگی ئەستێرەی یانەکەیان لە یارییەکی نێودەوڵەتیدا بەشداری پێکراوە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر ڕاگەیەندرابوو ئۆبامیانگ بەهۆی پێکان لە ماسولکەکانی رانیدا ناتوانێت یاری بکات، بەڵام لە خولەکی 33ی یاری بەرامبەر کامیرۆن چووە ناو یاریگا و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر یاری کرد.

یانە فەڕەنسییەکەش لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا هێرشی توندی کردە سەر شاندی پزیشکی گابۆن و باسیان لەوەکردووە، پلانەکە وابوو ئۆبامیانگ لە فەڕەنسا بمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و بۆ یارییەکەی 24ی ئەم مانگە ئامادە نەبێت، تەنها ئەگەری هەبوو بۆ یاری 28ی مانگ بەرامبەر مۆزەمبیق چاکبێتەوە، بەڵام بێ گوێدانە مەترسییەکان بەشداری پێکراوە.

هاوکات پێگەی ئاڕ ئێم سی سپۆرت، لە زاری سەرچاوەیەکی ناو یانە فەڕەنسییەکەوە بڵاویکردەوە، کە مەترسی دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی ئۆبامیانگ زۆر جدییە و یانەکە نیگەرانە لەوەی ئەو یاریزانە کاتی پێویستی بۆ چاکبوونەوە پێنەدراوە، ئەمەش رەنگە لە داهاتوودا زیانی گەورە بە مارسیلیا بگەیەنێت.