کاماڤینگا ئەکادیمیایەکی پێشکەوتووی تۆپی پێ لە ئەنگۆلا درووست دەکات

AM:12:02:26/12/2025

120 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کاماڤینگا ئەکادیمیایەکی پێشکەوتووی تۆپی پێ لە ئەنگۆلا درووست دەکات و ئەو وڵاتەشی بە وڵاتی خۆی ناوبرد.

ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەنگاوێکی مرۆیی گەورە دەنێت و بڕیاریدا پشکێکی کاریگەری هەبێت لە بونیادنانی داهاتووی تۆپی پێی وڵاتی ئەنگۆلا.

 کاماڤینگا کە ئێستا تەمەنی 23 ساڵە، سەردانێکی تایبەتی بۆ لواندای پایتەختی ئەنگۆلا ئەنجامدا بە مەبەستی دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی پێشکەوتووی تۆپی پێ و قوتابخانەیەکی بارەگایی بۆ گەنجانی ئەو وڵاتە.

کاماڤینگا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئەنگۆلا کۆبووەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی پڕۆژەکە، هەرچەندە ئەستێرەکە ناسنامەی فەرەنسی هەیە و بۆ کەڵەشێرەکان یاری دەکات، بەڵام لە لێدوانەکانیدا بە وڵاتەکەی خۆم، ناوی ئەنگۆلای برد و وتی: بڕیارمدا لێرە ئەکادیمیایەک دروست بکەم بۆ ئەوەی قەرزەی وڵاتەکەم بدەمەوە، ئەم کارە دڵخۆشییەکی بێسنوورم پێ دەبەخشێت و دایک و باوکم شانازیم پێوە دەکەن کە گەڕاومەتەوە بۆ زێدی باوباپیرم بۆ ئەوەی بەشدار بم لە گەشەپێدانی وەرزشی و کۆمەڵایەتی.

ئەم هەنگاوەی کاماڤینگا تەنها کارێکی سیمبوولی نییە، بەڵکو هەوڵێکی جدییە بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز بۆ تۆپی پێی بنەڕەتی لە ئەنگۆلا، ئەستێرەکەی مێرەنگی دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئەکادیمیایەوە دەرفەتی زێڕین بۆ ئەو منداڵ و گەنجانە بڕەخسێنێت کە خەونی گەیشتن بە ئاستی باڵای تۆپی پێیان هەیە، ڕێک وەک ئەو ڕێگەیەی خۆی پێیدا تێپەڕی تا گەیشتە لوتکەی جیهان.