PM:09:53:25/12/2025
128 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئیندریک بە هیوایەکی زۆرەوە لە ریاڵ مەدرید رۆیشتووە و دەیەوێت وەرزی
داهاتوو بەباشی بگەڕێتەوە بەڵام مێژوو لەگەڵ هێرشبەرەکە نییە.
ئیندریک فلیپی، گەوهەرە بەڕازیلییەکەی یانەی ریاڵ مەدرید لە چەند رۆژی
رابردوودا بە گرێبەستێکی خواستن و تا کۆتایی وەرز رووی لە لیۆنی فەڕەنسی کرد،
گرێبەستەکە هیچ بەندێکی بە هەمیشەیی کردنی تێدانییە، ئامانجی لاوەکەش درەوشانەوە و
بەشداریکردنە لە مۆندیال و پاشان گەڕانەوەیە بۆ ریاڵ مەدرید.
بەڵام ئەم بڕیارەی ئەستێرە تەمەن 19 ساڵانەکە بێ مەترسی نییە؛ مێژووی
یانەی شاهانە نیشانی داوە کە رێگەی ڕۆیشتن بە خواستن و گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی
سەرەکی بۆ هێرشبەرانی نوک وەک مەهمەیەکی مەحاڵ وایە و لە دوای سەردەمی گڕۆسۆوە لە
ساڵانی شەستەکاندا، هیچ هێرشبەرێکی نوک نەبووە بتوانێت دوای گەڕانەوەی لە خواستن،
شوێنپێی خۆی لە مێژووی یانەکەدا جێگیربکات.
تەنانەت یاریزانانی وەک
ئالڤارۆ ڕۆدریگز، لاتاسا و بۆرخا مایۆرال کە بەرهەمی ئەکادیمیای یانەکە بوون،
نەیانتوانی ئەو بەربەستە بشکێنن و لە کێبڕکێی هێرشبەرە گەورەکاندا هەر زوو
ماڵئاواییان کرد.
ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئیندریک لە کاتێکدایە کە ریاڵ مەدرید لە
ڕابردوودا ئەزموونی تاڵی لەگەڵ هێرشبەرانی وەک لوکا یوڤیچ و ماریانۆ دیاز هەبووە،
کە یەکەمیان بە شکستێکی گەورە لە خواستن گەڕایەوە و دووەمیشیان دوای گەڕانەوەی لە
لیۆن، پێنج وەرزی بێبەرهەمی لە مەدرید بەڕێکرد.
تەنها ئەلڤارۆ مۆراتا
توانیبووی تا رادەیەک ئەم هاوکێشەیە تێکبشکێنێت کاتێک لە ساڵی 2016 لە یوڤینتۆسەوە
گەڕایەوە و 20 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام ئەویش لە کۆتاییدا بڕیاری جێهێشتنی یەکجاری
یانەکەی دا.
ئێستا ئیندریک لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت وەک
ساموێل ئیتۆ و مۆرینتێس ببێتە قوربانی سیستەمی یانەکە، یان دەبێت مێژوویەکی نوێ
بنووسێتەوە و بیسەلمێنێت کە شایستەی ئەوەیە ببێتە جێگرەوەی ڕاستەقینەی مباپێ لە
هێڵی هێرشبەری یانەی شاهانەدا.