PM:08:45:25/12/2025
88 جار خوێندراوەتەوە
+
-
فلیک دوپاتیکردەوە عاشقی بەرشەلۆنەیە و ئامانجیشیان ئەوەیە لە ساڵی
2026 نازناوەکان بەدەستبهێنن.
هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە، بەبۆنەی سەری ساڵەوە چاوپێکەوتنێکی
لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئەنجامدا و لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا پیرۆزبایی خۆی
ئاراستەی هاندەران کرد بەهۆی کریسمسەوە و باسی لە ساڵی 2025یش کرد.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە قسەکانیدا دوپاتیکردەوە کە ئەم یانەیە ژیانی
ئەوی بەتەواوی گۆڕیوە و جەختیکردەوە کە بە هەموو توانایەوە کار بۆ سەرکەوتنی بەرشەلۆنە
دەکات، چونکە عاشقی شارەکە و خەڵکەکەیەتی.
کاریگەری فلیک لەسەر بارشا، لەلایەن شارەزایانەوە بە هاتنی رۆناڵدینیۆ
و گواردیۆلا دەچوێنرێت، چۆنکە توانی زەردەخەنە بۆ یانەکە بگەڕێنێتەوە، راهێنەرە
ئەڵمانییەکە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە ئامانجی سەرەکی ئەو دروستکردنی
کەشێکی گونجاوە بۆ یاریزانەکان تا گەشە بکەن، هەر ئەمەش بوو وایکرد باشترین ئاستی رافینیا،
لیڤاندۆڤسکی و کۆندێ ببینرێت و چەندین ئەستێرەی لاوی وەک کاسادۆ و بێرنالیش
پێشکەشی تیمی یەکەم بکات.
تەنها خاڵی ناخۆشی ئەم ساڵی فلیک، شکستی ئینتەر میلان و دوورکەوتنەوە
بوو لە خەونی چامپیۆنز لیگ لە کۆتا خولەکەکاندا، کە فلیک باسی لەوەکرد برینێکی
کراوەیە و ئێستاش ئازاری هەیە بەڵام رێگر نابێت لەوەی بەهێزتر بگەڕێنەوە.
فلیک دوپاتیکردەوە کە سەرەڕای کێشە داراییەکان، توانیویانە ساڵی 2025
لە لوتکەی لالیگا و بە جیاوازی چوار خاڵ لەپێش ریاڵ مەدریدەوە کۆتایی پێبهێنن،
ئەوەش دەستکەوتێکی باشە بۆ ئەوان.