ئۆنانا نایەوێت بگەڕێتەوە مان یونایتد

PM:10:25:25/12/2025

92 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئۆنانا لە ترابزۆنسپۆر دڵخۆشە و دەیەوێت بمێنێتەوە و یانەکەشی لە ئاستی گۆڵپارێزەکەی مان یونایتد رازین.

ئاندرێ ئۆنانا، گۆڵپارێزی کامیرۆنی یانەی ترابزۆنسپۆر، رایگەیاند کە نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ یانەی مانچستەر یونایتد و داوا دەکات گرێبەستەکەی لە تورکیا بکرێتە هەمیشەیی.

ئۆنانا کە دوای هاتنی روبن ئەمۆریم و کڕینی گۆڵپارێزێکی نوێ پێگەکەی لە ئۆڵدترافۆرد لەدەستدا، ئێستا لە تورکیا بووەتە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکان و سەبارەت بەو وڵاتە و یانە نوێیەکەشی دەڵێت: لێرە زۆر بەختەوەرم و ئەو سۆزەی هاندەران پێم دەبەخشن باوەڕپێنەکراوە و لە هیچ یانەیەک نەمبینیووە.

لەگەڵ ئەوەی ئۆنانا لە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی ترابزۆن بەشدار بووە و یانەکەی گەیاندووەتە پلەی سێیەمی ریزبەندی، بەڵام فاتح تەکێی راهێنەری یانەکە هۆشداری دەداتێ کە دەبێت واز لە سەرکێشییە زۆرەکانی ناو یاریگا بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ستایشێکی زۆری کردووە بەهۆی ئەوەی یاری دابەشکارێکی نایابە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی یانەی ترابزۆنسپۆر ستایشی کەسایەتی ئۆنانا دەکات و دەڵێت: جگە لە ئاستە بەرزەکەی، لە دوای مەشقەکان وانەی تایبەت بە گۆڵپارێزە لاوەکان دەڵێتەوە و بووەتە نموونەیەکی باڵای پڕۆفیشناڵ لە یانەکەدا و ئارەزووی مانەوەی دەکەین.