سۆن داهاتووی خۆی یەکلایکردەوە

PM:04:00:13/11/2025

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سۆن دوپاتیکردەوە لە زستاندا ئەمریکا جێناهێڵێت و رێزێکی زۆری بۆ یانەکەی هەیە.

هیۆن مینگ سۆن کە لە مانگی ئابی 2025دا پەیوەندی بە یانەی لۆس ئەنجلۆسەوە کرد دوای 10 ساڵی شکۆمەندانە لەگەڵ تۆتنهام، لە ئێستاشدا نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو قسە و باسە بەردەوامانەی کە لەسەر داهاتووی دەکرێت و دووپاتیکردەوە کە سەرنجی تەواوی لەسەر یانەکەی ئێستایەتی و خواستی ئەوە نییە بە کاتی پەیوەندی بە یانەیەکی ترەوە بکات.

لەوبارەیەوە ئەستێرەکە بە تیڤی چۆسۆنی وڵاتەکەی وت: هەرگیز لەگەڵ هیچ یانەیەک قسەم لەسەر گواستنەوەی زستانە نەکردووە، ئەم جۆرە قسەکردنە لە بنەڕەتدا هەڵەیە، بۆ من ڕێزگرتن لە یانەکەم و بەخشینی هەموو توانام گرنگترین شتە.

وتیشی: من لەم زستانەدا یانەی لۆس ئەنجلۆس جێناهێڵم، یان لە هەر کاتێکد، تا لێرەم قووڵترین ڕێزم بۆ ئەم یانەیە هەیە، تا ئەو کاتەی ئەم لۆگۆیە لەبەر بکەم، شتێک بە ناوی خواستن یان ڕۆشتن بوونی نییە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، دەزانێت کاتێک دەنگۆ بڵاودەبێتەوە هاندەران سەریان لێ دەشێوێت، بەڵام ئەو چیرۆکانە ڕاست نین و بەڕاستی بێڕێزی دەبێت بۆ تیپەکەی ئەگەر بەو شێوەیە قسە بکات، ئەو یانەکەی خۆشدەوێت و هەوڵیش دەدات بەباشترین شێوە خۆی بۆ مۆندیال ئامادەبکات.