جامی لیبێرتادۆرێس... پاڵمێراس شکستی بە لیگا دیپۆرتیڤا هێنا و گەیشتە یاری کۆتایی

AM:11:32:31/10/2025

92 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی لیبێرتادۆرێس پاڵمێراس بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی بە لیگا دیپۆرتیڤا هێنا و بە قەرەبووکردنی ئەنجامی یاری پێشوویان گەیشتە یاری کۆتایی.

لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی لیبێرتادۆرێس، پاڵمێراسی بەڕازیلی میوانداری لیگا دیپۆرتیڤا کویتۆی ئیکوادۆری کرد.

لە یاری پێشوویان یانە ئیکوادۆرییەکە بە سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوەی بەدەستهێنابوو، هەر ئەمەش وایکرد، پاڵمێراس لە تایمی یەکەم بە بەهێزی دەربکەوێت و توانیشان لە خولەکەکانی 20 و پێنجی کاتی زیادکراوی دوو گۆڵ لە رێگەی رامۆن سوسا و برونۆ فوچسەوە تۆمارکرد و ئەو تایمەش بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم، دووبارە یانەی خاوەن یاریگا باشتر بینرانەوە و پاش چەندین هەوڵیش لە خولەکی 68 رافایل ڤیێگا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، بەڵام ئەوە واینەکرد بە ئەنجامەکە رازیبن و کوڕانی پاڵمێراس دووبارە لە هێرشبردن بەردەوامبوون تا توانیان لە خولەکی 82 لە رێگەی ڤیێگاوە بە لێدانی سزا گۆڵی چوار تۆماربکەن و سەرەنجامیش یارییەکە بە چوار گۆڵی بێوەڵام کۆتایی پێهات.

بەم ئەنجامە و بە هەژمارکردنی هەردوو یاری نێوانیان پاڵمێراس بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێگۆڵ بردنەوەی بەدەستهێنا و گەیشتە یاری کۆتایی جامی لیبێرتادۆرێس کە تێیدا رووبەڕووی فلامینگۆ دەبێتەوە.