ئەستێرەیەكی ئیتاڵی وازی لە یاریكردن هێنا

PM:11:12:18/03/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

كاندرێڤای ئەستێرەی پێشووی ئیتاڵی لە تەمەنی 38 ساڵیدا بە یەكجاری وازهێنانی لە تۆپی پێ راگەیاند.

ئەنتۆنیۆ كاندرێڤای ئەستێرەی پێشووی یانەكانی ئینتەر میلان و لازیۆ و یۆڤانتۆس و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە بڵاوكردنەوەی پارچە ڤیدیۆیەك وازهینانی فەرمی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاند لە تەمەنی 38 ساڵیدا.

ئەستێرەكەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە پارچە ڤیدیۆیەكەدا وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاند و تێیدا وتی: تۆپی پێی ئازیز ئەمڕۆ یەکێکە لە ڕۆژە گرنگەکانی ژیانم، کاتی ماڵئاواییکردن هاتووە و لێرە لە سان سیرۆ، سکالا دێل کالچیۆ، کە دوا یاریم تێدا ئەنجامدا، وازهێنانی خۆم لە یاریكردن رایدەگەیەنم.

وتیشی: سی ساڵ لەمەوبەر، گەشتەکەم دەست پێکرد، کە پڕ بوو لە خۆشی و خەم و قوربانیدان و سەرکەوتن، بە خەون و خولیای خۆم ژیام، من ئەمە وەک ماڵئاوایی نابینم، بەڵکو وەک سەرەتایەکی نوێ تەماشای دەكەم.

کاندرێڤا 54 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامداوە و تێیدا خاوەنی حەوت گۆڵە، لەگەڵ یانەكانیش 693 یاری ئەنجامدا و تێیدا سەركەوتوبوو لە تۆماركردنی 106 گۆڵ و 122 ئەسیست، جامی ئیتاڵیاشی لەگەڵ لازیۆ بردەوە لە وەرزی 2012 بۆ 2013.