چاڤی: دەگەڕێمەوە و كاری گەورە ئەنجامدەدەم

PM:07:44:18/03/2025

268 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چاڤی نەیشاردەوە لە ئێستادا پشوو وەردەگرێت و دەیەوێت وەرزی داهاتووش بگەڕێتەوە بۆ یاریگاكان.

چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پیشووی یانەی بەرشەلۆنە لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ تۆڕی بی سۆكەر باسی لە ئێستای كرد و جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ كار ی راهێنەرایەتی.

لە سەرەتایی قسەكانیدا وتی: من تۆپی پێم خۆشدەوێت، فەلسەفەی یۆهان کرۆیف کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی ڕاهێنەرایەتیم هەبووە، راستە لە تۆپی پێدا ئامانجی یەکەم بردنەوەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە یارمەتی یاریزانەکان بدەیت چێژ لە وەرزشەكە وەربگرن و لە ئامانجی بردنەوە تێبگەن.

باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا كات لەگەل خێزان و منداڵەكانی وەردەگرێت، وە هەروەها زۆركات تەماشای تۆپی پێ دەكات و چێژی لێوەردەگرێت دوور لە هەموو دوودڵی و قەلەقییەك.

جەختی لەوەشكردەوە، پێویستی بەوەیە تا كۆتایی وەرز پشوو بدات چونكە پاش وازهێنان لە تۆپی پێ وەك یاریزان دووبارە لەڕێی كاری راهێنەرایەتییەوە گەڕاوەتەوە و پشووی وەرنەگرتووە، پاش كۆتایی ئەم وەرزە دووبارە دەگەڕێتەوە بە پڕۆژەیەكی جیاوازەوە.

وتیشی: من بیر لە بردنەوەی نازناوەكانی خول و یۆرۆ و جامی جیهانی دەكەمەوە، من بە شێوەیەكی گەورە بیردەكەمەوە و پێشموایە دەتوانم كاری گەورە ئەنجامبدەم.