چامپیۆنز لیگ.. ئەتلەتیکۆ مەدرید و گەڵەتەسارای یەکسانبوون

PM:11:14:21/01/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە چامپیۆنز لیگ ئەتلەتیکۆ مەدرید و گەڵەتەسارای بە گۆڵێک یەکسانبوون و فرانکۆرت بە کاراباغ ئەغدام دۆڕا.

لە یارییەکی خولی حەوتەمی چامپیۆنز لیگ، یانەی گەڵەتەسارای تورکی لە یاریگای خۆیدا میوانداری ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کرد.

تایمی یەکەم، تەنیا دوای چوار خولەک جولیانۆ سیمیۆنی گۆڵی یەکەمی بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید تۆمارکرد، بەڵام هەر لەو تایمەدا و لە خولەکی 20 مارکۆس یۆرێنتی بەرگریکاری یانە ئیسپانییەکە بە هەڵە گۆڵی یەکسانی لە سودی یانەی خاوەن یاریگا لە تۆڕی گۆڵی خۆیان تۆمارکرد، نیوەی یەکەمیش بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

لە تایمی دووەم، تا رادەیەک ئەتلەتیکۆ لەرووی کۆنترۆڵی تۆپەوە باشتربوو، بەڵام هەردوولا لە هێرشەکانیان نەگەیشتن بە ئاکام و ئەو تایمە بە خاوێنی کۆتاییهات.

سەرەنجام یارییەکە بە گۆڵێک و بە یەکسانبوون کۆتاییهات، بەم ئەنجامە ئەتلەتیکۆ خاوەنی 13خاڵە و لە پلەی نۆیەمە، گەڵەتەسارای بە 10 خاڵ پلەی 18ی گرتووە.

لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغیش یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ بە کاراباغ ئەغدامی ئارەزبایجانی دۆڕا.