PM:01:29:18/10/2025
156 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لاوازترین تیپی جیهان خەون بە مۆندیالەوە
دەبینێت، دۆڕانێکی قورسیش مەرجە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێگاکە ئەو هەڵبژاردەیەش سان مارینۆیە.
تیپێک کە لە
پلەی 210 و دواهەمین ڕیزبەندی جیهاندایە و هیچ ئەستێرە و پیشەگەر و هیچ خاڵێکی لە
پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا نییە، ئێستا خۆی لە لێواری پلەی ئۆفی مۆندیالدا
دەبینێتەوە، لە سیناریۆیەکدا کە زیاتر لەخەیاڵ دەچێت نەک راستی.
بۆ
دەستپێکردنی چیرۆکەکە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ 5ی ئەیلولی 2024، لەو ڕۆژە بێدەنگەدا
ناوی "نیکۆ سێنسۆلی" لە سەرتاسەری ئەوروپا دەنگی دایەوە، دوای ئەوەی
گۆڵی بردنەوەی بۆ سان مارینۆ بەرامبەر لیشتنشتاین تۆمارکرد و یەکەم سەرکەوتنی بە
وڵاتەکەی بەخشی لەدوای 20 ساڵ، دوو مانگ دواتر و لە 18ی مانگی 11ی هەمان ساڵ سان
مارینۆ گەڕایەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە مێژوو بنوسێتەوەو بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی
یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە یاریگای ڤادوز بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک
لە لیشتنشتاینی بردەوە و پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا
مسۆگەرکرد و بۆ یەکەمجاریش سەرکەوتنیان بۆ ئاستی سێیەم لەمێژوودا دەستەبەرکرد.
تەنها دوو
بردنەوە، بەڵام دەرگایان بەڕووی سەیرترین سیناریۆدا کردەوە: تیپێک کە لە
پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا سەرکەوتنی نەبێت، خۆی وەک پاڵێوراوێک دەبینێتەوە بۆ
یاریکردن لە قۆناغی پلەی ئۆفی کۆتایی مۆندیال.
بەپێی ئەم
سیستەمە 12 هەڵبژاردە ڕاستەوخۆ وەک براوەی کۆمەڵەکان سەردەکەون بۆ مۆندیال،
هەروەها 12 هەڵبژاردەی دووەم دەچنە قۆناغی پلەی ئۆف لەگەڵ چوار هەڵبژاردەی تر کە
دەبەخشرێتە باشترین چوار لوتکەی ڕیزبەندی کۆمەڵەکان لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا،
بەمەرجێک هیچ کام لەو تیپانە ڕاستەوخۆ یان وەک پلەی دووەم سەرنەکەوتبن.
ئەم مەرجە
سادەیە دەرگای بۆ سان مارینۆ کردەوە کە لە پێشەنگی گروپەکەی لە خولی نەتەوەکان بوو،
سەربکەوێت بۆ قۆناغی کۆتایی، ئەگەر ئامارەکان بە دروستی بەڕێوە بچن.
دیوەکەی تری
چیرۆکەکە ڕۆمانیایە کە لە هەمان گروپی سان مارینۆ یاری دەکات، لە ئێستادا
ڕۆمانیا بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی سێیەم دایە
بڕیارە لە 15ی
مانگی داهاتوو لە یارییەکی گرنگدا ڕووبەڕووی بۆسنە ببێتەوە، پێش ئەوەی لە 18ی
مانگی داهاتوو لە شاری بوخارێست میوانداری سان مارینۆ بکات.
ئەو
سیناریۆیەی خەونی سان مارینۆ بە زیندووی دەهێڵێتەوە، ئەوەیە کە ڕۆمانیا له بۆسنە
بباتەوە و پێش بۆسنە بکەوێت و پلەی دووەم بەدەستبهێنێت، بۆچی؟ چونکە ئەگەر ڕۆمانیا
ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پلەی دووەمەوە سەربکەوێت بۆ پلەی ئۆف ، ئەوا لە حساباتی خولی
نەتەوەکان بەدورودەبێت و بەمەش خزمەت به سان مارینۆ دەکات .
بەڵام سەیرەکە
ئەوەیە ئەو ڕێگایە بە لەدەستدانی خودی سان مارینۆدا تێدەپەڕێت، بەشێوەیەک ڕۆمانیا
لە بۆسنە بباتەوە بەڵام لەو کاتەشدا رۆمانیا بە جیاوازی گۆڵ لەدوای بۆسنە دەبێت،
لەم کاتەدا هەڵبژاردەی سان مارینۆ لە کۆتا یارییدا بە ئەنجامێکی گەورە خۆی تووشی
شکستبکات بەرامبەر رۆمانیا چونکە تەنها بەو رێگەیە و تا زیاتر گۆڵی لێبکرێت ئەوا
زیاتر نزیکدەبێتەوە لە قۆناغی پلەی ئۆفی پاڵاوتنی مۆندیال.