میدیاکانی فەڕەنسا.. لیوناردۆ لە پۆستەکەى دوورخرایەوە

PM:05:00:22/05/2022

984 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاریس سان جێرمان لیۆناردۆی لە پۆستەکەى دوورخستەوە و دەنگۆى دورخستنەوەى پۆچیتینۆى ڕاهێنەریش لە ئارادایە.

ئاژانسەکانی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویانکردوە، پاریس سان جێرمان ڕاستەوخۆ و پاش کۆتایی هاتنی یارییەکەى بەرامبەر میتز لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی لە پۆستەکەى دورخستەوە، ئەوە هەنگاوەى پاریس یەکێک بووە لە مەرجەکانی مباپێ تا لەکاتی نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى چەند ڕوویەکی دیار لە کارگێڕی یانەکە دووربخرێتەوە کە یەکێکیان لیۆناردۆی 52 ساڵ بووە.

لەو بارەیەوە میدیاکانی ئەمەزۆن پرایم ڤیدیۆ و ئاڕ ئێم سی و فرانس بلو پاریس و ڕؤژنامەکانی لو پاریسیان و لکیپ دووپاتیانکردووەتەوە، یانە فەڕەنسییەکە لە دوای چەند کاتژمێرێک پاش نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى مباپێ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەى لە پۆستەکەى دوورخستووەتەوە کە لە 2019وە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات و ئاماژە بە دامەزراندنى لویس کامبۆس وەک بەڕێوەبەرى وەرزشى نوێى یانەکە دەکەن.

ئاماژەشیان بەوەشکردووە، خلێفی سەرۆکی پاریس سان جێرمان بەڵێنی بە مباپێ داوە چەندین گۆڕانکاری گەورە لە پۆستەکاندا بکات تا بتوانێت بۆ ئایندە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکات و تا پاریس نازناوی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

لیوناردۆی بەڕازیلی بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکانی فەڕەنسا پێشتریش لە 2011 بۆ 2013 لە پاریس پۆستی کارگێری وەرگرتووە و دواتر دوورخراوەتەوە، هاوکات لە وەرزی 1996 بۆ 1997 یاریزانی پاریس سان جێرمان بووە.

لەلایەکى ترەوە، کەناڵى ئاڕ ئێم سى فەڕەنسى ئاماژە بە ڕۆیشتنى ماوریسیۆ پۆچیتینۆى ئەرجەنتینى ڕاهێنەرى یانە پاریسیەکە دەکات و لە ئێستادا یانەکە بیر لە ڕاهێنەرى نوێ بۆ جێگەکەى دەکاتەوە.

هاوکات ڕۆژنامەى لۆ پاریسیان بڵاویکردووەتەوە، خلێفى سەرۆک پۆچیتینۆ لە کۆتایى گەشتەکەى لە یانەکەدا ئاگاداردەکاتەوە و لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەیدا قەرەبوزى ماددى دەکرێتەوە.

بەپێى ڕاگەیاندنەکانیش، زەینەدین زیدانى فەڕەنسى ڕاهێنەرى پێشووى یانەى ڕیاڵ مەدرید بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ پڕکردنەوەى جێگەکەى پۆچیتینۆ.