سەردێڕ:

ئازادی بەراورد بە رابردوو

PM:06:04:13/11/2025
1768 جار خوێندراوەتەوە
شاهۆز سدیق
+ -

جاران لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەگەر پێشمەرگە نەبویتایە کە بەزمانی بەعسیەکان بە پێشمەرگە دەوترا (موخەڕیب) هیچ گرفت و کێشەیەکت نەدەبوو، هەروەها ئەگەر نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند نەبویتایە و هەوڵی قسەکردن و دەربڕینی ئازادیت نەبوایە هیچ کێشەیەکت نەدەبوو، بەڵام هەرکاتێک بەرامبەر بە رژێم هەڵوێستێکی نەتەوەیی و کوردانەت هەبوایە ئەوا بە هەڵگەڕاوە هەژمار دەکرایت و وەک دووژمن سەیرت دەکرا.

لەسەردەمی رژێمی بەعس ئازادی سیاسی و ئازادی نووسین و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی قسەکردن قەدەغەبوو، ئازادییەکان تەنها بۆ ئەندام و لایەنگرانی حزبی بەعس هەبوون، ئەگەر سەر بەڕژێم نەبویتایە بۆت نەبوو مومارەسەی ئازادییەکانت بکەیت.

دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە نەمانی ڕژێمی بەعس، هێشتا بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان ئازادی سیاسی و ئازادی قسەکردن نییە، هیچ کەسێک بۆی نیە لەژێر سایەی ڕژێمی بنەماڵەی تاڵەزانییەکاندا (تاڵەبانی و بارزانی) بەپێچەوانەی ئەوان قسە بکات و هەڵوێستی جیاوازی هەبێت، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی هەرە زیندووی تیرۆری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە کە لەسەر بۆچوونی جیاواز تیرۆریان کراون، یان زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و ئومێد بەرۆشکی نموونە هەرە زیندووەکانن.

ڕژێمی پارتی و یەکێتی یان بە دیاریکراوی ڕژێمی بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ ڕژێمی بەعس لە ڕووی هەبوونی ڕای ئازاد و کاری رۆژنامەوانییەوە، لەسەردەمی بەعسدا نەدەبوایە قسە بەڕژێم بڵێیت، وە چالاکی نەتەوەییت نەدەبوو لەدژی ڕژێمی بەعس هەبێت، ئێستاش لە دوای بیست ساڵ یەکێتی و پارتی هەمان شت پەیڕەو دەکەن، ناتوانیت لەدژی بنەماڵەکانی تاڵەزانییەکان (تاڵەبانی و بارزانی) یان هەردوو حیزبەکەیان (یەکێتی و پارتی) بنووسیت، ناتوانی لەدژی ئەوان چالاکی سیاسی و مەدەنی ئەنجام بدەیت، نموونەش زۆرە کە تیرۆرکراون یان ڕفێنراون و بێسەرووشوێن کراون یان زیندانی کراون ئینجا لەبەر نووسینەکانیان بێت یان چالاکییە مەدەنییەکانی سەرشەقامیان بێت.

بەداخەوە خەڵکی کوردستان وێڕای ئەو هەموو قوربانییە کە لەپێناوی هێنانەدی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دایان، کەچی لە دوای بیست ساڵ و لەژێر سایەی حوکمی ڕژێمی تاڵەزانییەکاندا هەناسەی ئازادی تێدا نییە و دیموکراسی لەژێر پۆستاڵی ڕەشی ئەو چەند هێزە میلیشیایانەدایە کە یەکێتی و پارتی بۆ خزمەتی خۆیان دروستیان کردوون.

گەلەری