بەرپرسانی فڕۆکەخانەی کابول رایانگەیاند، بزوتنەوەی تاڵیبان گەشتی ئاسمانیی لە ژنان قەدەغەكردووە و ئەمڕۆ نەیانهێشتووە دەیان ژن سواری فڕۆكە ببن و بە تەنها گەشت بكەن و خوێندکارە کچەکانیشیان ناردووەتەوە ماڵەوە.
دوو بەرپرس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول بە میدیا جیهانیەکانیان راگەیاند، ئەمڕۆ گەشتی دەیان ژنیان هەڵوەشاندووەتەوە و نەیانهێشتووە ئەو ژنانە سواری فڕۆكەكان ببن.
ئاشكرایانكردووە، هۆكاری ڕێگریكردن
لە گەشتكردنی ژنان ئەوە بووە كە پیاوی مەحرەمیان لەگەڵدا نەبووە و پێیان وتراوە
ناتوانن بەبێ سەرپەرشتی پیاو گەشتبكەن.
هاوکات لەکاتی دوبارەکردنەوەی
دەرگای خوێندنگاکاندا تاڵیبان خوێنکارە کچەکانی ناردەوە ماڵەوە و ئاماژەی بەوەدا،
"تا ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیر بۆ خوێندنی کچان لەگەڵ شەریعەت و کەلتووری ئەفغانی
گونجاو خوێندنی کچان رادەگیرێت."
لەو بارەیەشەوە، هیزەر بار
بەرپرسی کاروباری ژنان لە رێکخراوی هیومەن رایتس هۆچ بۆ مافی مرۆڤ باسی لەوەکرد،
"لە ئەفغانستان جلوبەرگی خوێندکارە کچەکان زۆر داپۆشراوە و خوێندنگای کچان و
کوڕان جیان، بەڵام تاڵێبان نۆ مانگی ویست هەتا بڕیاربدات چ جۆرە سەرپۆشێک بۆ کچەکان
گونجاوە. "
ئاشکراشیکردووە، "هۆکارەکانی
تاڵیبان بۆ رێگریکردن لە ئافەرەتان تەنها بیانووە و نایەنەوێت بە ئاشکرا بڵێن کە رێگری
لە کچان و ژنانی وڵاتەکەکەیان دەکەن وەک چۆن لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەیانکرد."