سەردێڕ:

موقتەدا سەدر: ئەمڕۆ سەلماندمان ھیچ شوێنێک نییە بۆ پشکپشکێنە

PM:09:51:26/03/2022

63180 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، ئەمڕۆ سەلماندمان ھیچ شوێنێک نییە بۆ پشکپشکێنە و سوپاسی نەوەی نوێ و ئیمتیدادیشی کرد بۆ بەشداریکردنیان لە دانیشتنی ئەمڕۆدا.


لە پەیامەکەیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، موقتەدا سەدری رێبەڕی رەوتی سەدر سوپاسی هەموو ئەو هێزانەی کردووە کە بەشدارییان کردووە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا و لەناویشیاندا هەریەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و جوڵانەوەی ئیمتیداد و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمان.

دەشڵێت، " سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هیچ هەڕەشەیەک نەیترساندوون و هیچ هاندانێک هەڵیان ناخەڵەتێنێت و توشی ئیغرایان ناکات."

باسی لەوەشکردووە، لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا وادەکەیان نوێدەکرێتەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت دووبارە بەشدارببنەوە لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و پشکپشکێنە و رێککەوتن.

لە تویتەکەیدا وەک هەمیشە هاشتاگی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیشی داناوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ سەلماندمان و دەیسەلمێنین کە هیچ جێگایەک نییە بۆ پشکپشکێنە و جوانترین شتێک عێراقییەکان هەیانبێت ئەوەیە نە سەر بە رۆژهەڵاتن نە رۆژئاوا و پەیامی ئەوان وەک هەمیشە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی ژمارەی یاسایی ئامادەبووانی پەرلەمان دانیشتنەکە دواخرا بۆ رۆژی چوارشەممە.

دواتریش حەلبوسی رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان تا ئەو کاتەی دەگەنە رێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە پێویستی بە رێژەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان هەیە.













گەلەری