نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە گەیەندرایە ئۆکرانیا.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کاروانێکی هاوکاریی مرۆیی گەیشتە شاری سومی باکوری خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هاوکارییە مرۆییەکە بۆ ٣٥ هەزار کەس لە
شارەکە نێردرابوو و لە نزیکەی ١٤٣ تۆن پێکهاتبوو کە هەریەک لە پێداویستی پزیشکی،
ئاو و خۆراکی رۆژانەی لەخۆگرتبوو.
راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە،
ناردنی کاروانی هاوکارییەکە لە ئەنجامی گفتوگۆ و هەماهەنگی هاوپەیمانانی نەتەوە یەکگرتووەکان
و وەزارەتی بەرگریی روسیا و ئۆکرانیاوە توانراوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بگەیەندرێتە
شوێنی مەبەست.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە
وتارێکیدا کە لە تەلەفیزیۆنی فەرمی روسیا بڵاوکرایەوە، فەرمانی کردووە بە دەستپێکردنی
ئۆپراسیۆنەکانیان لە دونباس و هۆشداریدا لەبەرامبەر هەر دەستوەردانێکی دەرەکی
کاردانەوەی توندیان دەبێت. دوا بەدوای ئۆپراسیۆنەکان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی
ئەوروپا و کەنەدا و ئوسترالیا و کۆریای باشور و ژاپۆن و سەنگافورە و بەریتانیا و چەند
وڵاتێکی دیکە چەندین سزای ئابوری و دارایی و بانکی و بازرگانییان بەسەر روسیادا سەپاند
و ئاسمانی وڵاتەکانیان بە رووی گەشتە ئاسمانی و فڕۆکە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتەدا
داخست و لە سیستمی سویفتی جیهانی کردیانە دەرەوە و بەهای رۆبڵ، دراوی فەرمی روسیا،
و پشکی کۆمپانیا گەورەکانی وەک رۆزت نەفت و گازپرۆم بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین.