سەردێڕ:

لیستەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان یاداشتێکیان بڵاوکردەوە

PM:11:31:05/03/2022

3792 جار خوێندراوەتەوە

لیستەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە یاداشتێکی هاوبەشیاندا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و پارت و لایەنە سیاسییەکان کردووە رایانگەیاند، ئیرادەی پارێزەران لەژێر هەڕەشەی تاکڕەوی دایە.


لە یاداشتە هاوبەشەکەدا هاتووە، پاش تێپەڕبوونی دووساڵ زیاتر بەسەر وادەی دیاریکراو ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و دیاریکردنی شێوازی لیستی داخراوی رێژەیی بۆ ھەڵبژاردن وە راسپاردنی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە بۆ سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە کە لەزۆرینەیەکی یەکێتی و پارتی پێکھاتوون، بوونەتە ھۆی بێ ھیوابوونی پارێزەران لەپرۆسەی دەنگدان و زەوتکردنی ئیرادەی پارێزەران.

ئاماژەبەوەشکراوە، ئەوەی رۆژی (١٠/٣/٢٠٢٢) دیاریکرا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و لەکاتێکدا شێوازی ھەڵبژاردن لە کۆنگرەدا بریاری لێدراوە کە بە (لیستی داخراوی ڕێژەیی) بێت، بەڵام دووبارە یەکێتی و پارتی لەڕێگەی نوێنەرەکانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە پیلانی ئەوەیان ھەیە لەڕێگەی داواکاریەکەوە بەناوی لیستە ھاوبەشەکەیان (لیستی برایەتی) بەدەر لە یاسا و بڕیاری کۆنگرەی پارێزەران و خواست و ویستی ئیرادەی پارێزەران بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان ، شێوازی ھەڵبژاردن بگۆڕن بۆ لیستی داخراوی رەھا.

دەشڵێن، ئەمە جگە لەوەی پپێشێلکاری بڕیار و دەسەڵاتی کۆنگرەیە ھاوکات زەوتکردنی خواست و ئیرادەی پارێزەرانە و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ھەموو دەنگ و رەنگێکی جیاواز لە خۆیان بۆیە ئێمە وەک ھەرسێ لیستی بەشدار لە ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایدەگەیەنین بەتوندی دژی ھەرجۆرەبڕیارێکی لەو شێوەیەین و داواکارین لەھەموو لایەک ھاوکارمان بن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و بەوشێوازەی لە کۆنگرە بڕیاری لێدراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێستا یەکێتی و پارتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە بەگوێرەی عورفی سیاسی پشکی کوردە، بۆیان قۆرخکردووە و نەشگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک. هەروەها، لە ژێر دروشمی ساختەی دیموکراتی و بونیادنانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، یەکێتی و پارتی هاوشیوەی داهات و قوتی خەڵک، سەرجەم رێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییان لە نێوان خۆیان دابەشکردووە و بەردەوام هەموو شێوازێک تاقی دەکەنەوە کەمترین دەرفەت بۆ جیاوازی و رەنگەجیاوازەکان بهێڵنەوە.

دەقی یاداشتنامەکەی لیستەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان:

بەڕێزان / سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان

           سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری

           سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

           سەرۆکایەتی حوکمەتی ھەرێم

             پارت ولایەنە سیاسیەکان

یاداشتی ھاوبەش

پاش تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەر وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەران وە دواخستن و پەکخستنی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەمی سەندیکا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر فشاری پارێزەران و گرتنەبەری چەندین رێوشوێنی مەدەنی دواجار لەڕۆژانی (٣١/١٠)و(١/١١/٢٠١٩) کۆنگرەی شەشەمی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئەنجامدرا، کە وێڕای سەرنج و تێبینیمان لەسەر کۆنگرەکە و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە لایەن بەشێکی زۆری پارێزەران، بەڵام دواتر لەپێناو بەرژەوەندی پارێزەران و پەکنەخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن ھیچ تانەیەکمان لە شەرعیەتی کۆنگرە و بڕیارەکانی نەدا و یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرە دیاریکردنی رۆژی (٢٨/١١/٢٠١٩) بوو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و دیاریکردنی شێوازی لیستی داخراوی رێژەیی بۆ ھەڵبژاردن وە راسپاردنیلیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە بۆ سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەڵام پاش تێپەڕبوونی دووساڵ زیاتر بەسەر وادەی دیاریکراو و چەندین جار دواخستنی وادەکە بەبێ پاساوی یاسایی و بە پێشێلکاری بڕیاری کۆنگرە (کەباڵاترین دەسەڵاتی سەندیکایە) لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە کە لەزۆرینەیەکی یەکێتی و پارتی پێکھاتوون و ھۆکاری سەرەکی دواخستنی ھەڵبژاردنیش بۆ ئەم ھەموو ماوەیە تەنھاو تەنھا رێکنەکەوتنی ھەردوو حیزب (پارتی و یەکێتی)ن ، لەسەر کاندیدانی لیستە ھاوبەشەکەیان و بەکارھێنانی نوێنەرەکانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری بۆ ئامانجی دواخستنی ھەڵبژاردنەکە بووە ، کە ئەم لیژنەیە زۆرینەی ئەندامانی لەو دوو حیزبەن و بوونەتە ھۆی بێ ھیوابوونی پارێزەران لەپرۆسەی دەنگدان و زەوتکردنی ئیرادەی پارێزەران .

لەدوا پێشھاتدا و لەپاش ئەوەی رۆژی (١٠/٣/٢٠٢٢) دیاریکرا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و لەکاتێکدا شێوازی ھەڵبژاردن لە کۆنگرەدا بریاری لێدراوە کە بە (لیستی داخراوی ڕێژەیی) بێت ، بەڵام دووبارە یەکێتی و پارتی لەڕێگەی نوێنەرەکانیان لەناو لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە پیلانی ئەوەیان ھەیە لەڕێگەی داواکاریەکەوە بەناوی لیستە ھاوبەشەکەیان (لیستی برایەتی) بەدەر لە یاسا و بڕیاری کۆنگرەی پارێزەران و خواست و ویستی ئیرادەی پارێزەران بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان ، شێوازی ھەڵبژاردن بگۆڕن بۆ لیستی داخراوی رەھا، کە ئەمە جگە لەوەی پپێشێلکاری بڕیار و دەسەڵاتی کۆنگرەیە ھاوکات زەوتکردنی خواست و ئیرادەی پارێزەرانە و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ھەموو دەنگ و رەنگێکی جیاواز لە خۆیان بۆیە ئێمە وەک ھەرسێ لیستی بەشدار لە ھەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕایدەگەیەنین بەتوندی دژی ھەرجۆرەبڕیارێکی لەو شێوەیەین و داواکارین لەھەموو لایەک ھاوکارمان بن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و بەوشێوازەی لە کۆنگرە بڕیاری لێدراوە. بە پێچەوانەوە ھەموو فشارێکی مەدەنی دەگرینەبەر و دژی ھەرکەس ولایەنێک بیەوێت خواست و ویستی پارێزەران زەوت بکات و بڕیاری کۆنگرە پێشیل بکات ھەر لە چالاکی مەدەنی تا دەگاتە تۆمارکردنی سکاڵا و پەکخستنی پرۆسەکە.

وە لە کۆتایی دا ، داواکارین لە ئەندامانی بەڕێز لە دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریاردان لەو تانانەی خراوەتە بەردەستیان لەسەر ئەم بابەتە بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان ھەستن لە بەرگرتن لەم پیلانە بە بریاری یاسایی و یەکلاکەرەوە .

ھاوکات داواکارین لە لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی و یاسایی خۆیان ھەستن و وەک نوێنەری سەرجەم پارێزەران بە بێ جیاوازی کاری خۆیان بە بێ لایەنی ئەنجام بدەن و لە ژێر ھیچ ھەڕەشە و فشار و بیانویەکدا بریاری لەو شێوەیە نەدەن .


لیستی سەربەخۆی پارێزەران

لیستی پیشە بوونی پارێزەرایەتی

لیستی ئایندەی پارێزەران













گەلەری