سەردێڕ:

جەمال کۆچەر: منیش بم لە بری وەزیری دارایی، یان ببمە وەزیری دارایی، نرخی دۆلار دانابەزێنم

AM:09:38:21/02/2022

9720 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمان بووە رایگەیاند، ئەگەر ئەوبێت لە جیاتی وەزیری دارایی یان ئەگەر بشبێتە وەزیری دارایی نرخی دۆلار دانابەزێنێت. دەشڵێت، " هەر سەرۆک وەزیرێکی داهاتوو بێت گۆڕانکاری تێدا بکات باری ئابوری حکومەتی خۆی گران دەکات".


ئەمڕۆ دووشەممە، جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو و ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، پارێزگاری بانکی ناوەندیی‌ بە راشکاوی وتی ئەوان ناتوانن هەتا سێ ساڵی داهاتوو هیچ دەستکاری نرخی دۆلار بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، "منیش بم لە بری وەزیری دارایی، یان من ببمە وەزیری دارایی، نرخی دۆلار دانابەزێنم لەبەر چەند هۆکارێک، جگە لەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ ئەم وەزیرە دایناوە و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادە بووە لەوێ و نرخی دۆلاری هەر بە ١٤٥٠ دینار داناوە، وە هەر سەرۆک وەزیرێکی داهاتوو بێت گۆڕانکاری تێدا بکات باری ئابوری حکومەتی خۆی گران دەکات.

لەبارەی نرخی دۆلار لەمساڵدا، جەمال کۆچەر ئاشکرای کرد، ئەمساڵ ١٠٠ دۆلار لە ١٤٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ١٤٨ هەزار و ٥٠٠ دینار جێگیر دەبێت.

لەبارەی تویتەکەی موقتەدا سەدرەوە کە ڕایگەیاند دەبێت نرخی دۆلار دابەزێنرێت، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەدا، ئەوە بانگەشەیەکی سیاسیە زۆرتر لەوەی کە نرخی دۆلار و دینار گۆڕانکاری تێدا بکرێت، چونکە سەدر بەڵێنی بە خەڵک دابوو لە کاتی هەڵبژادن کە ئەگەر بوونە حکومەت و بوونە زۆرینە ئەوە گۆڕانکاری دەکەن ئەوە بەشێک بوو لەوە، هەروەها، تویتەکەی باسی گۆڕانکاری نرخ ناکات، بەڵکو باسی هەندێک هەنگاو دەکات.

وتیشی، ئەم بانگەشەیە شەڕێکە لەگەڵ هەندێک بلۆکی هەندێک لایەنی سیاسی کە سەدر وەها هەستدەکات دەبێت لە هاوکێشەکان دەریان بکات بۆ ئەوەی داهاتی ئەو لایەنە سیاسیانە کەم ببێت.

لەبارەی دانەبزینی بەهای دۆلارەوە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، " بە ڕای من دۆلار دانابەزێت لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەم/ داهاتی دەوڵەتی عێراقی هەمووی بەستووە بە گاز، گازیش کاڵایەکە بەرز و نزمی زۆر تێدایە لەبەر ئەوە حکومەتی عێراقی ناتوانێت پشت بەست بێت بە کاڵایەک کە دابەزین و بەرز و نزمی زۆری تێدایە.

دووەم/ بودجەی دەوڵەتی عێراقی دوو بەشە، بەشێکیان پێی دەڵێن بودجەی تشغیلی – بەکاربردن، ئەوی تریان پێی دەڵێن وەبەرهێنان زۆرینەی بودجەی داهاتی دەوڵەتی عێراقی بۆ بەشی بەکاربردن دەڕوات لەبەر ئەوە حکومەت ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات و هیچ وەبەرهێنان و پرۆژەیەکی هەبێت بەم گۆڕانکاریە ئەگەر بگەڕێتەوە نرخی کۆن واتە ئۆتۆماتیکی بارگرانی بۆ حکومەتی خۆی دروست دەکات، بەلانی کەم ٣٠ تریلیۆن دینار ئەو بڕە ئەگەر تەرخان بکرێت بۆ وەبەرهێنان زۆر خزمەتی حکومەت دەکات بە پرۆژە و بە پەیداکردنی دەرفەتی کار و زۆر شتی تر.

خاڵی سێیەم/ ئەوەیە ناتوانن لە یەک ساڵ دووجار نرخ بگۆڕن خەڵکێکی زۆر هەیە زەرەرمەند بووە ئەو کاتە ئەو کەسانە دەتوانن سکاڵا لە حکومەت بکەن پێیان بڵێن ئەگەر زانیوتانە ئەم بڕیارە هەڵە بووە وەرە بەرپرسیارێتی هەڵەی خۆتان لە ئەستۆ بگرن.

چوارەم/ چیتر خەڵک متمانە بە حکومەت و بانکی ناوەندی نامێنێت، ئیتر نرخی هەموو شتێک دەبێتە سێ هێندە و گرانتر دەبێت.

پێنجەم/ ئەمە ئیشی لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران نییە هەندێک لایەنی تایبەت هەیە بەرپرسە لەم بوارە دەبێت ئەوان دوای چەندین دراسە بگەنە قەناعەت کە گەڕانەوە بۆ نرخی کۆن باشترە لە نرخی ئێستا .

هاوکات، لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی وەزارەتی دارایی و کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری نرخی دۆلار، جەمال کۆچەر وتی، دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی عێراق هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی دۆلار روونادات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پاش تویتێکی سەدر لە چەند رۆژی رابردوو، نرخی دۆلار بەشێوەیەکەی بەرچاو دابەزی و بەردوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەوهۆیەشەوە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نرخی دۆلار جێگیرە و هیچ نیازێک بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار لە ئارادا نییە."













گەلەری