سەردێڕ:

چەند بڕیارێکی نوێ لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمەوە

PM:12:41:06/02/2022

15176 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی بەرجەستەکردنی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و بنەمای لامەرکەزییەت لە بەڕێوەبردندا، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە بەشێکیان تایبەتن بە دابەزاندنی چەند دەسەڵاتێکی کارگێڕیی لە لایەن وەزیرەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و بنەمای لامەرکەزییەت لە بەڕێوەبردندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی دەرکرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا ھەندێکیان تایبەتن بە دابەزاندنی چەند دەسەڵاتێکی کارگێڕیی لە لایەن وەزیرەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و چەند خاڵێکیشیان پەیوەستن بە رەچاوکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان- عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کار بە ھیچ رێنمایی و بڕیار و فەرمان و نووسراوێک ناکرێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم فەرمانە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارەکانیش بریتین لە: 
یەکەم / پێویستە وەزیر و سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، لایەنی کەم ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە سەبارەت بە فەرمانبەرانی راژەی شارستانی دابەزێنن بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ئەو بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانیش، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان لە دیوانی وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت نییە، ئەوەی لەم بڕگەیەدا ھاتووە کاریگەریی لەسەر ئەو دەسەڵاتە کارگێڕیانەی کە لە پێش دەرچوونی ئەم فەرمانەوە شۆڕکراونەتەوە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان نابێت.
١-دەسەڵاتی سەرموچەی ساڵانە بە فەرمانبەران تا پلەی وەزیفی ٣ و بەرەو خوار، بە پێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان.
٢-گواستنەوە و تەنسیبکردنی فەرمانبەران لە پلە ٣ و بەرەو خوارەوە،‌ لەسەر میلاکی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە، و میلاکی ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان لە دیوانی وەزارەت و لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت.
٣-دەربڕینی لاری نەبوون لەسەر گواستنەوە و تەنسیبکردنی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە بڕگەی ٢ی سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ، لە دوای ھاتنەدی گشت مەرج و پێداویستییەکانی ھاتوو لە یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، بە مەرجێک ھیچ جۆرە پابەندییەکی دارایی زیادە لەسەر حکوومەت دروست نەکات.
٤- بڕگەکانی ٢ و ٣ی سەرەوە ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە  ناگرێتەوە.
٥-جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی ھاتوو لە بڕگەکانی ٢ و ٣ی سەرەوە، پێوەستە بە رەچاوکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان- عێراق، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠، و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٣٣ی رێکەوتی ٦/١١/٢٠١٩، و بڕیارەکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری.
٦- جێگیرکردنی فەرمانبەران دوای تەواوبوونی ماوەی ئەزموونیان.
٧- کۆتاییھێنان بە راژەی فەرمانبەران لە دوای تێپەڕبوونی ماوەی ئاگادارکردنەوەیان بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان.
٨- ئاراستەکردنی سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەران و دەرکردنی فەرمانی پێدانی پێشخستن لە دەرەنجامی وەرگرتنی ئەو سوپاس و پێزانینە،‌ بە پێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.
٩- پێدانی گشت جۆرەکانی مۆڵەتێکی یاسایی وەک مۆڵەتی ئاسایی و نەخۆشی و مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی بێ مووچە بۆ گشت پلە گشتییەکانی وەزیفە بە پێی مەرج و پێداویستییەکانی ھاتوو لە یاسا و رێنماییە بەرکارەکان، و بڕینی ئەو مۆڵەتە و دەرکردنی فەرمانی دەست لەکارترازاندن و دەست بەکاربوونەوەی فەرمانبەران.
١٠- پێدانی مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەی وڵات، بە پێی مەرجەکانی ھاتوو لە پەیڕەو و رێنمایی مۆڵەتی خوێندن.
١١- ئیفادکردنی فەرمانبەران بۆ ئیشوکاری فەرمی لە ناو ھەرێم و عێراق کە لە ٣٠ رۆژ زیاتر نەبێت.
١٢-خانەنشینکردنی فەرمانبەر لە پلە ٣ و بەرەو خوارەوە بە ھۆی تەواوبوونی تەمەنی یاسایی یان لە حاڵەتەکانی تری مافی خانەنشینبوونی رێگە پێدراو لە یاسا بەرکارەکانی خانەنشینیی، بە مەرجی ھاتنەدی گشت مەرج و پێداویستییەکانی ھاتوو لە یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان.
١٣- پێکھێنانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بە پێی حوکمەکانی یاسای بەرزەفتکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩١.
١٤- پێکھێنانی لیژنە پێویستەکان کە لە یاسا و پەیڕەو و رێنماییەکاندا ھاتووە وەک لیژنەی کڕین یان بەکرێگرتن و کردنەوەی تەندەر و شیکردنەوە و لیژنەکانی خەمڵاندن و فرۆشتن و بەکرێدان.
دووەم/ پێدانی ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە بە وەزیر و ئەوانەی لەو پلەیەدان:
١-لە جیاتی دانان بۆ کارمەندانی گریبەست و کاتی، لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتیان.
٢-گواستنەوەی کارمەندانی گرێبەست و کاتی لە نێوان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھەمان وەزارەت.
٣-درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی فەرمانبەران بۆ ماوەی (١) یەک ساڵ لە رۆژی کۆتاییھاتنی تەمەنی وەزیفی تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە لە رێککەوتی گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی، خزمەتی وەزیفی پێویستیان نییە بۆ شایستەبوونی موچەی خانەنشینی، بۆ ئەو حاڵەتانەی پێویستییان بە ماوەی ساڵێک زیاترە تاوەکو ٣ ساڵ لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
سێیەم/ سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی لەم فەرمانەدا ئاماژەیان پێ دراوە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان پیادە بکرێن و وێنەی ئەو فەرمانە کارگێڕییانەی بۆ پیادەکردنی ئەم دەسەڵاتانە بدەن بە دیوانی وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و لایەنی راسپێردراو بە پیادەکردنی ئەم دەسەڵاتانە بەرپرسارێتی یاسایی لە ئەستۆ دەگرن لەم رووەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی وردبینی و چاودێری دارایی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دامەزراوەکانی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی بە ئەرکی خۆیان ھەڵدەستن بە پێی تایبەتمەندییان.
چوارەم/ وەزیرەکان و سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکەن و لە ەۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، و پێویستە فەرمانی کارگێڕی شۆڕکردنەوەی ئەم دەسەڵاتانە دەربکەن لە ماوەیەک کە لە ٣٠ رۆژی کار تێپەڕ نەکات لە ڕێکەوتی گەیشتنی ئەم فەرمانە پێیان و وێنەی فەرمانەکانی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بنێرن.
پێنجەم/ کار بە ھیچ ڕێنمایی و بڕیار و فەرمان و نووسراوێک ناکرێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم فەرمانە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.












گەلەری