سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: هەبوونی کاندید بۆ سەرۆک کۆمار بۆئەوەیە نیشانی عێراقی بدەین ئەو پۆستە قۆرغ نەکراوە

PM:01:08:14/01/2022

6176 جار خوێندراوەتەوە

سروە عەبدولواحید ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، کاندیدکردنی کەسێک لە لایەن هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و هەروەها لە لایەن نەوەی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوەیە کە نەوەی نوێ نیشانی هەموو عێراقی بدات کە ئەو پۆستانە بۆ دوو حیزبی پارتی و یەکێتی قۆرخ نەکراون.


سروە عەبدولواحید رایگەیاند، "هەبوونی کاندیدمان بۆ سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەبوو نیشانی بدەین، ئێستا هێزی نوێ هەیە خۆی بە بەدیلی ئەو دوو حیزبە دەزانێت و کار بۆ داهاتوو دەکات، ئەگەر چی ئێستا ٪١٠٠یش دڵنیا بێت کاندیدەکەی دەرناچێت، هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم هەڵویستەی، تاوەکوە نەبێتە بەشێک لە دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جا بۆیە هەم پارتی و یەکێتی ئەم هەنگاوەیان پێ ناخۆشە و حەزیان دەکرد هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانە، دەنگی بدایە بە کاندیدی لایەکیان"، دەشڵێت، "هەم هەندێک حیزبی تر و کەسایەتی و پەرلەمانتاری تری دەرەوەی ئەو دوو حیزبە پێیان ناخۆشە ئەم هەنگاوە یاخود رەنگە لێی تێ نەگەن، چونکە ئەوانە لەوەتەی هەن بەشێک بوون لە پارتی یان یەکێتی یاخود بەشێک بوون لە ئەجیندای باڵێکی ناو حیزبی دەسەڵات و هیچ کات بە تەنها روئیای خۆیان نەبووە و خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نەبوون."

سروە عەبدولواحید باسی لەوەشكردووە، "بۆیە لایەنەکانی دیکە ئێستاش لەوە تێ ناگەن کە کاندیدکردن تەنها لە پێناو ئەوەی گۆرەپانەکە بۆ پارتی و یەکێتی چۆڵ نەکەیت، زۆر جیاوازە لەوەی بە راستی پۆستی حکومەت وەربگریت و بچیتە ناو حکومەتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کاندیدکردنی کەسێک بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی خۆت و نەبوونت بە پاشکۆی لایەنی تر، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا نییە، کە بە دڵنیاییەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دەبین لە ناو پەرلەمانی عێراقدا و پێشبینی دەکرێت کورسییەکانی ئەم هاوپەیمانییە بگاتە ٤٠ کورسی پەرلەمان."

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا نەوەی نوێ کە هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیمتیداددا هەیە، کاندیدی خۆی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەبوو، دوێنێش کانیدی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکراکرد.













گەلەری