PM:06:02:15/01/2026
2144 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتی، جارێکی تر جەخت لەسەر پڕۆژەکەی ساڵی رابردوویان دەکەنەوە کە با هێزەکانی دەرەوەی پارتی پێکەوە بەرەیەک دروستکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی بودجە و داهات بۆ پەرلەمان بە شەفافی، لەسەر دەستگیرکردنیشی وتی، بە ناحەق دەستگیرکراوە بەڵام نەوەی نوێ بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن و ئێستاش خاوەن پێگە و پەیوەندی زۆر و بەهێزن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سوپاسی ئەو هێز و لایەنانە دەکەم کە لەسەر کەیسەکەی من هەڵوێستیان هەبووە و من ١٠ سکاڵای یاسایم لەسەر بووە و وتەم لێ وەرگیراوە لەسەر هەر ١٠ سکاڵاکە، یەکێک لەو سکاڵایانەی لەسەرم بوو لەسەر پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران بووە.
دەشڵێت، "کورسییەکانی نەوەی نوێ کەمینەکردووە و ئێستاش نەوەی نوێ
پێگەیەکی بەهێزی هەیە و یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنە، با هێزەکانی دەرەوەی پارتی پێکەوە
هاوپەیمانێتییەک دروستبکەن، ئەگەر گۆڕانکاریی لە حوکمڕانیدا روونەدات ئێمە
بەشداری لە حکومەتدا ناکەین".
سەبارەت بە سکاڵاکانیش باسی لەوەکرد، ١٠ سکاڵای لەسەر بووە و لەسەر ئەو سکاڵانە
براوەتە دادگا، سکاڵاکانیش بەشێکیان پەیوەندی بە ئەوانەوە نەبووە، یەکیک لە
سکاڵاکان ئەوەیە کە گوایە شاسوار عەبدولواحید هانی خۆپیشاندەرانی داوە لە
٢٠١٥ـدا کە بارەگایەکی یەکگرتوو لە هەڵەبجە بسوتێنێت، لەکاتێکدا یەکگرتوو
سکاڵای تۆمار نەکردووە.
وتیشی، یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان بابەتی پشکەکانی
چاڤیلاندە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە سێ دادگای لێکۆڵینەوەی جیاواز سکاڵا
تۆمارکراوە و کەیسەکە داخراوە، هاوکات دووجار لە دادگای تاوانەکان پێداچوونەوە بۆ
داخستنی دۆسیەکەکراوە و دۆسیەکە لەلایەن دادوەرەوە داخراوە.