سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکی ستراتیژیە بۆ کەرتی نەوت بۆ ساڵانی ٢٠٢٧–٢٠٣٠، کە ئامانجی گەیاندنی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ستراتیژیی کەرتی نەوت بۆ ساڵانی ٢٠٢٧–٢٠٣٠، وە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠، هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد کاربکرێت بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
لە
کۆبوونەوەکەدا کە زەیدی سەرپەرشیی کرد، هەریەک لە وەزیرانی دارایی و نەوت و
ژمارەیەک لە راوێژکاران ئامادەبوون، ئەو ڕێڕەو و بەرنامانە تاوتوێ کران کە
ئامانجیان گەشەپێدانی کەرتی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی هەناردەکردنی عێراقە.
جەختیش
لەوە کرایەوە کە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگونجێت لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و
توانا نەوتییەکانی و ژمارەی دانیشتووانی، تاوەکو توانای بەدیهێنانی
پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و داواکارییەکانی گەشەپێدانی هەبێت، هەروەها ئاماژە
بە پێویستیی گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و تواناکانی هەناردەکردن درا تاوەکو
بگونجێت لەگەڵ ئەو زیادبوونەی چاوەڕوانکراوە لە بەرهەمهێناندا.
لەلایەکی
دیکەوە، رێنماییدا کە کار بکرێت بۆ وەبەرهێنانی تەواوەتیی غازی یاوەر، بە جۆرێک کە
بەشدار بێت لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆدان و گەیشتن
بە خودبژێوی لە بەکارهێنانیدا، هاوکات ئاماژە بە فراوانکردنی کارەکانی گەڕان و
زیادکردنی رووبەرەکانی گەڕان کرایەوە.
لە
کۆتاییدا، زەیدی فەرمانی بە وەزارەتی نەوت کرد ئامادەکاریی بکات بۆ رێکخستنی
کۆنفرانسێکی فراوان بە ئامادەبوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، بە ئامانجی
ڕاکێشانی وەبەرهێنان و شارەزایی و تەکنەلۆژیای جیهانی، و بەستنی گرێبەستکردن
لەگەڵیاندا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گەشەپێدان و
هەناردەکردن، بە جۆرێک کە پێگەی عێراق لە بازاڕی جیهانیی وزەدا بەهێز بکات و
پاڵپشتیی لە سەرچاوە و توانا ئابوورییەکانی بکات.