PM:05:45:01/09/2026
600 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ٥,٧٠٤ چەکداری داعش راگەیاند کە لە سوریاوە گواسترابوونەوە، هاوکات ئامادەکاریی بۆ دادگاییکردنیان و ئازادکردنی ٤٥٧ سوریی دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ ٥,٧٠٤ ئەندامی داعش تەواو بووە کە هەڵگری ٦٧ رەگەزنامەی جیاوازن (لە نێویاندا ٣,٤٩٧ سوریی و ٤٧٤ عێراقی هەن)، دەشڵێت، قۆناغی لێکۆڵینەوە کۆتایی هات و تۆمەتباران بەش بەش رەوانەی دادگا تایبەتمەندەکان دەکرێن تا بە جیا دادگایی بکرێن.
دەشڵێت،
ئەم تۆمەتبارانە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە گوێزرابوونەوە بۆ عێراق و قۆناغی رەوانەکردنیان
بۆ دادگای پەیوەندیدار دەستی پێکردووە بەپێی بەڵگە و بەسەرهاتەکانی تایبەت بە هەر یەکێکیان.
ئاماژەی
بەوەش کرد، ئەو لێکۆڵینەوانەی لە شوباتی ٢٠٢٦ەوە دەستیان پێکردووە، پەردەیان لەسەر
کۆمەڵێک تۆمەتبار لاداوە کە رۆڵی سەرکردایەتی و ئەمنی و سەربازی و دارایی و راگەیاندنیان
لەناو رێکخراوەکەدا بینیوە، وتیشی، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، رێکارەکانی
ئازادکردنی ٤٥٧ سوریی لە کۆتاییدان تا رادەستی لایەنی سوریی بکرێنەوە، وە شەش
تۆمەتباریش دەستنیشانکراون کە رۆڵی راستەوخۆیان لە بە کەنیزەککردن و کڕین و فرۆشتن
و بە کۆیلایەتیکردنی ژنانی ئێزیدیدا هەبووە.