وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی تایبەت بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دزراو و ساختەکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە بەغدا هەڵوەشێندراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سێ ئەندامی تۆڕەکە لە کاتی تاوانەکەدا دەستگیر کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمەکانی دەزگای هەواڵگریی تایبەت بە بەدواداچوونی تۆڕەکانی ساختەکاری، زانیاریی وردیان لەبارەی چالاکیی تۆڕێک دەستکەوتووە کە بازرگانی بە ئۆتۆمبێلی دزراو و تابلۆی ساختەوە دەکەن.
ئاماژە
بەوەشکراوە، لە دوای بەدەستهێنانی زانیارییەکان، تیمی هەواڵگری بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنرا
و بۆسەیەکیان دان، لە ئەنجامدا ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیر کران و تۆڕەکەش هەڵوەشێندرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر دوو ئۆتۆمبێلی دزراو و ژمارەیەک تابلۆی ئۆتۆمبێلی
ساختەدا گیراوە، تۆڕەکە ئەو تابلۆیانەیان بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان بەکارهێناوە
و بەو رێگەیەش ویستوویانە وا نیشان بدەن کە ئۆتۆمبێلەکان بە رێکاری یاسایی بەڵگەدار
کراون.
وەزارەتی ناوخۆ
رایگەیاند، وتەی تۆمەتباران وەرگیراوە و ئەوان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بەهۆی
ئەم دانپێدانانانەشەوە، تۆمەتباران رادەستی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان
کراون تا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.