PM:05:17:30/08/2026
896 جار خوێندراوەتەوە
سەرەڕای ئەوەی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک نزیکەی حەوت مانگە لەلایەن پارتییەوە داخراون، بەڵام ئاسایشی دهۆک سکاڵای لەسەر دوو پەیامنێری ئێن ئاڕ تی تۆمارکرد و تۆمەتی ئاژاوەنانەوەی خستووەتە پاڵیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، ئاسایشی دهۆک بەهۆی چەند راپۆرتێکی تایبەت بە کێشەکانی بەنزین، غاز و خزمەتگوزارییەکان، سکاڵای لەسەر بڕیار نێروەیی و تائیف گۆران پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی تۆمارکرد، ئاسایش تۆمەتی تێکدانی بارودۆخی ئەمنی خستووەتە پاڵیان و ئاگاداریکردوونەتەوە، کە سبەینێ لە دادگای دهۆک ئامادەبن بۆ دادگاییکردنیان.
سکاڵاکان
تایبەتن بە چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی ئەو پەیامنێرانە لەسەر کێشەکانی بەنزین،
غاز و هەندێ پرسی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو دوو
پەیامنێرە هیچ چالاکیەکیان نەبووە و لە شاشەی کەناڵەکەوە دەرنەکەوتوون، پێشتریش ئاسایشی پارتی کاری مەیدانی لێقەدەغەکردبوون.
ئەمە
لەکاتێکدایە کە نزیکەی حەوت مانگە پارتی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک
داخستووە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دوای سێ مانگیش لە داخستنیان،
نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی، داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکەی بە
کارێکی نادروست دانابوو و جەختیکردبووەوە کە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت،
بەڵام تا ئێستاش نوسینگەکان بە داخراوی ماونەتەوە.