سەردێڕ:

سزای زیندانیکردن بەسەر دوو بەرپرسی باڵای عێراقدا سەپێندرا

PM:01:54:30/08/2026

1152 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لە تەڵال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشوو و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردندا ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی هەڵاوسانی سەرمایە و بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بڕی سامانی نایاسایی و هەڵاوسانی سەرمایەی عەلی مەعاریج بەهادلی نزیکەی (٢٦.٥) ملیار دینار بووە، لە بەرامبەردا دادگا ئەو سزادراوەی پابەند کردووە بە پێدانی بڕی (٥٣) ملیار دینار، کە دەکاتە بەهای سەرمایە نایاساییەکە و ئەو سزای پێبژاردنەی بۆی دیاریکراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەڵال زەوبەعی بە هەمان شێوە تاوانبار کراوە و سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، کە بڕی ئەو سامانە نایاساییەی بەدەستیهێناوە نزیکەی (٣٥) ملیار دینارە. 
بە بڕیاری دادگاش، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی نزیکەی (٧٠) ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت وەک گێڕانەوەی بەهای قازانجە نایاساییەکە و سزای پێبژاردن.














گەلەری