وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، هەموو ئەو بازاڕە ئۆنڵاینانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاكن، دەبێت ناسنامەی فەرمی وەربگرن و دۆخی یاسایی خۆیان رێكبخەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، پلاتفۆرمی بازرگانیی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی ناسنامەی فەرمی بە دوكانە ئۆنڵاینەكان و رێكخستنەوەی ئەو چالاكییانەیە كە لە تیكتۆك، ئینستاگرام و فەیسبووكدا دەكرێن.
دەشڵێت، هەر
بازاڕێكی ئەلیكترۆنی لەكاتی تۆماركردنی لەم پلاتفۆرمەدا، دەبێت بەڵگەنامەی یاسایی
و زانیاریی ورد پێشكەش بكات تا خاوەنی چالاكییەكە بناسرێتەوە.
روونیشیكردەوە،
تۆماركردنی فەرمی بۆ ئەوەیە ئەگەر هەر سەرپێچییەك كرا یان فێڵ لە هاوڵاتیان كرا،
لایەنی یاسایی بەرپرسیار دیار بێت و ناسنامەی فرۆشیار لای دەوڵەت هەبێت.
جەختیشی کردەوە
لەوەی نایانەوێت رێگری لە كارەكانی ئەو گەنجانە بكەن كە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە
خاوەن پرۆژەی بچووكن، بەڵكو دەیانەوێت رایانكێشن بۆ ناو سیستەمە فەرمییەکە تا لە
ئاسانكارییە دارایی و حكومییەكان سوودمەند بن.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
پرۆسەی رێكخستنەوەی بازاڕە ئۆنڵاینەكان لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ـەوە دەستیپێكردووە،
حكومەتی عێراق دەیەوێت بەپێی سیستەمی رێكخستنی بازرگانیی ئەلیكترۆنیی ژمارە چواری
ساڵی ٢٠٢٥ و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی، كۆتایی بە بازرگانیی ناڕێكخراو و
سپیكردنەوەی پارە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بهێنێت و متمانە بۆ بازاڕی دیجیتاڵ
بگێڕێتەوە.