لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و دابینکردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆبووەوە و لای خۆیەوەش فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە پڕۆژەیاسایەک دەیەوێت بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، عامر عەبدولجەبار، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز وتی، وەزیری نەوت پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم لیژنەکە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو، لای خۆشیانەوە سامانە سروشتییەکانی هەرێم داوای زیادکردنی بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، داوایان لە هەردوو وەزارەت
کردووە ڕاسپاردەی خۆیان بە نووسراو پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ئاراستەی سەرۆکایەتی
پەرلەمان بکرێت بەمەبەستی بڕیاردان لەسەری.
هاوکات، ئەحمەد
موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی،
دوو پێشنیازیان ئاراستەی لیژنەکە کردووە، یەکەمیان ئەوەیە ئامادەن (٥٠) هەزار
بەرمیل نەوتەکە ڕادەست بکەن و نرخی بەنزین لە هەرێم بە هەمانشێوەی عێراق بێت، یان
ئەوەتا (٥٠) هەزار بەرمیلەکە زیاد بکرێت.
هاوکات، کاوە
عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەکە ئەوەی خستەڕوو، لە
کۆبوونەوەی پێشووی لیژنەکە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، پێیان وتراوە کە هەرێم پێشتر
ئامادە نەبووە دەستبەرداری ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بێت لەبەرامبەر
دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.
سەبارەت بە
هەڵوێستی جووڵانەوەکەش، فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە پڕۆژەیاسایەک کە واژۆی زیاتر لە
١٠٠ پەرلەمانتاری لەسەرە، داوایکردووە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەکارهێنانی ناوخۆ لە
هەرێم وەربگیرێتەوە و حکومەتی عێراق خۆی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ
هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات.