هاوسەری یەکێک لەو کەسانەی لە یەختەکەی دورگەی کریتی یۆنان خنکا قسە بۆ ئێن ئاڕ تی دەکات و دەڵێت، هەر کاتژمێرێک پاش رۆیشتنی هاوسەرەکەم پەشیمان بوومەتەوە لە رۆیشتنەکەی.
سەرحەد هەمزە ئەو پیاوەیە کە بێریڤانی
هاوسەری لەو یەختەدا بوو هەفتەی رابردوو لە دورگەی کریتی یۆنان نوقومبوو و پاش
چەند رۆژێک لە بێسەروشوێن بوونی پێیان راگەیاندووە گیانی لەدەستداوە.
سەرحەد دەڵێت، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ
پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبوو، ساڵی رابردوو هاوسەرگیریان ئەنجامداوە،
سەرحەد خۆی لە ئەوروپا دەژی و لەوێ کار دەکات، ئەو دەڵێت، "زۆر هەوڵمدا بە
رێگای فەرمی بیبەم، بەڵام نەدەگونجا و کۆرۆنا رێگر بوو."
سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر رەزامەندی خێزانی
هەردوولا و بێریڤان خۆی رێگای قاچاغمان گرتەبەر و بێریڤان بوێرانە بڕوای بە
رێگاکەی هەبووە، سەرحەد باسی لەوەشکرد، کە لە یەختەکەدا برازایەکی و ١١ ئەندامی
بنەماڵەکەیانی تێدا بووە و بێریڤانیش وتوویەتی، "کە لەگەڵ ئەواندا بم فەرقیان
نییە و یەک خێزانین."
لە رووداوەکەدا برازایەکی سەرحەد و
هاوسەرەکەی و چەند پورزا و کەسێکی نزیکی تێدا بووە، سەرحەد دەڵێت، "بێریڤان
ئەوەندە ورەی بەرز بووە و وتوویەتی یەختەکەش شتێکی لێبێت بۆخۆم لێی دەخوڕم."
لە درێژەی چیرۆکەکەیدا سەرحەد روونیکردەوە،
کە بەر لە رۆیشتنی بێریڤان رێگەی نەداوە باوەشی پێدا بکەم، وتوویەتی دەستنوێژم
هەیە با نوێژەکەم بکەم جارێ، دەڵێت، "بەر لەوەی بڕوات دەستم لە ملی کرد و
ماڵئاواییمان کرد و گەردنئازادیمان لەیەک کرد، تەنانەت پێی وتووم هاوسەرگیری
نەکەیت دوای من."
سەرحەد بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە
کاتژمێرێک پاش رۆیشتنی بێریڤان پەشیمان بووە، بەڵام مۆبایلی داخراوە و نەیتوانیوە
بیگەڕێنێتەوە.
سەرحەد دۆخی ناجێگیرە و ماوەی چەند رۆژە نان
ناخوات و کەم کەم خەو دەچێتە چاوەکانی.
لە شەوی ٢٢ی ئەم مانگەدا، یەختێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە
نزیک دورگەی کریتی یۆنان نقومبوو، کە ٤٠ کەسیان کورد بوون، کە تیایدا حەوت کەس
بێسەروشوێن بوون و دواتر گیانلەدەستدانی بەشێکیان راگەیاندرا.
هـ.ئـ