سەردێڕ:

لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێـم لافاو درووستبووە؛ بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە

PM:12:20:27/03/2026

1088 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندى هەماهەنگیى قەیرانەکانى هەرێم دەڵێت، بەهۆی لافاوەوە چەندین پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە و لە سۆران منداڵێک گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، ناوەندى هەماهەنگیى قەیرانەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ راپۆرتێکى لەبارەى زیانەکانى لافاوەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە سەنتەرى شاری هەولێر و رێگەکانى دەرەوەی شار لافاو دروستبووە هۆشدارى بە دانیشتووانى دارەتوو داوە کە گۆمێک لەنزیک شارەدێیەکە ٢٤ مەتر قوڵە سەرڕێژ بووە لێى نزیک نەبنەوە، هەروەها رێگاى نێوان شەقڵاوە - هیران بەتەواوى رۆچووە و رێگاى گوندى قیرژەى بنارى سەفینیش بەتەواوى داخراوە.

سەبارەت بە سلێمانی دەڵێت، ئاوى چەمى کونەماسى بەرزبووەتەوە و زیانى بە کەپرەکانى سەیرانگاکە گەیاندووە.هەروەهالە پارێزگای دهۆک لە سێمێل ئاو چووەتە چەند ماڵێك و لە ئاکرێ ئۆتۆمبێلێک ئاو بردوویەتی.

ناوەندەکە دەڵێت، لە هەڵەبجەش بارانبارین زیانى بەرێگاى پێنج گوند گەیاندووە و لە ئیدارەى گەرمیانیش پرۆژەى ئاوى گوندەکانى قولەبەرز و چاڵەرەش ئاوى رووبارى سیروان بردوویەتى، بەشێک لە رێگاى گوندەکان زیانیان بەرکەوتووە، دوو پرد لەسنوورەکە رووخاون و زیان بە چەند پڕۆژەیەکى ئاودێرى کەوتووە.

هەر لە گەرمیان، زیان بە پڕۆژەى ئاوى شێخ لەنگەر و چەند فیدەرێکى کارەبا کەوتووە و ١٠٠ دۆنم زەوى بە گەنم داچێنراو بە ئاو داپۆشراوە.

هەروەها لە ئیدارەى سۆران بەهۆی لافاوەکەوە منداڵێک گیانى لەدەست داوە وزیانى بە چەند رێگا و بانێک گەیاندووە.













گەلەری