سەردێڕ:

خوێندکاران لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە هەڵوێستی نوێیان ئاشکرا کرد

PM:05:43:10/12/2021

10448 جار خوێندراوەتەوە

نوینەری خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەنراوێکییان بڵاوکردەوە و تیایدا مۆڵەت و هۆشداریاندایە حکومەتی هەرێم. دەشڵێن، "دەڕژێیینەوە سەر شەقام و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن دەکەین".


ئەمرۆ هەینی، نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا تا رێکەوتنی ٥ی مانگی١ی ساڵی داھاتوو مۆڵەتیان داوە بە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و لەئەگەری جێبەجێنەکردنیدا دەشڵێن، "دەڕژێیینەوە سەر شەقام و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن دەکەین".
لە راگەیاندراوەکەی نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازیدا ھاتووە، "دوای ٢ کاتژمێر کۆبوونەوە وەکو نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆی راپەڕین ھەردوو کەمپەسی رانیە و قەڵادزێ و زانکۆی کۆیە و پەیمانگای تەکنیکی کۆیە و زانکۆی ھەڵەبجە و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و پەیمانگای دەربەندیخان بە کۆدەنگی و لەبەرژەوەندی سەرجەم خوێندکاران و بەرپرسایەتیمان بەرامبەر زانست بڕیارماندا بە ھەڵپەساردنی خۆپیشاندان ھەتا  ٥ی ١ی ٢٠٢٢ بۆ پێدانی مۆڵەتێک بە حوکمەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان و پێدانی دەرماڵە".
ھاوکات لەبارەی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ھۆشدارییان بە حکومەتداوە و دەڵێن، "ئەگەر دەرماڵە و داواکارییەکانمان تا ئەو وادەیە جێبەجێنەکرێ ئەوا بە گڕوتینێکی زۆر زیاتر دەڕژێینەوە سەرشەقام و بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن دەکەینەوە".
لەبەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەیاندا نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازی چەند خاڵێکیان خستووەتەڕوو کە داواکارییەکانیانن و لەمانەدا خۆییان دەبیننەوە:
١- زیاتر داشکاندنی کرێی خوێندنی پاراڵێڵ لە ٪‏٤٥ بۆ ٪‏٦٠.
٢- زیادکردنی بڕی ئەو دەرماڵەی بۆ خوێندکاران تەرخان کراوە.
٣- بەیاساییکردنی بڕی دەرماڵە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی حوکمەت بەشێوەیەک ئەم دەرماڵە بۆ ھەموو ساڵەکان بێت نەک تەنھا ئەمساڵ.
لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوان و رۆژنامەنوس دەستگیرکران.
ھەر بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران، ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە ناو حەرەمی زانکۆوە و گازی فرمێسک رێژییان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکارھێنا.
لە پارێزگای دھۆکیش، ھێزە ئەمنییەکان رێگەیاننەدا خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
ھەروەھا، بەشێک لە زانکۆکانی ھەرێم بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوامیان راگرت و چەند رۆژێکییان کردە پشوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.












گەلەری