سەردێڕ:

داهاتووی پەروەردە لە ژێر سێبەری جەنگدا

PM:05:54:05/03/2026
2172 جار خوێندراوەتەوە
فێنک تەڵعەت
+ -

لە کاتی جەنگ و ململانێ سیاسییەکاندا، پەروەردە یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکان. ئەگەرچی جەنگ بینا و شارەکان وێران دەکات، بەڵام کاریگەرییە ڕاستەقینەکەی لەسەر دەروون و داهاتووی منداڵان جێدەهێڵێت.

لەم وتارەدا هەوڵدەدرێت ڕۆشنایی بخرێتە سەر کاریگەریی جەنگ لەسەر کەرتی پەروەردە و ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە بەردەم گەشەپێدانی سیستەمی خوێندن، هەروەها پێشنیاری هەندێ چارەسەری سەرەکی بۆ پاراستنی داهاتووی خوێندکاران بخەینەڕوو.

یەکێک لە گرینگترین کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کۆمەڵگە، کاریگەری دەروونییەکانیەتی. لەو بارودۆخانەدا تاکەکان، بە تایبەت منداڵان، تووشی ترس، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و بێهیوایی دەبن، زۆر جار ئەم کاریگەریانە تا ماوەیەکی زۆر لە بیر و هزر و هەستەکانیاندا دەمێننەوە و دەتوانن ببنە هۆکارێک بۆ درووستبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان. ئەم دۆخەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر توانای فێربوون و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی خوێندن دەبێت.

لە لایەکی ترەوە، ناسەقامگیری ئەمنی و بارودۆخی ناوچەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە پەروەردە پەکدەخات. ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە داخستنی فێرگەکان، ڕاگرتنی دەوامی فەرمی، یان کەمکردنەوەی کاتی خوێندن لە پێناو پاراستنی گیانی خوێندکاران و مامۆستایاندا. هەرچەندە لە زۆر وڵات هەوڵ دەدەن بەر لە ڕوودانی قەیرانەکان خۆیان ئامادە بکەن، بەڵام هەموو وڵاتێک توانای ئەوەی نییە کە سیستەمی پەروەردە لەو بارودۆخانەدا بەردەوام بپارێزێت.

هۆکارێکی تری گرینگ کە لە کاتی جەنگدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پەروەردە هەیە، کەمی بودجە و گۆڕینی ئەرکی دارایییە. لە زۆر حاڵەتدا، حکومەتەکان سەرنجی زۆرتر دەدەن بە کەرتی سەربازی و پاراستنی ئەمنی، و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بودجەی پەروەردە. کاتێک دارایی بۆ خوێندن و فێرگەکان کەم دەبێتەوە، گەشەپێدانی سیستەمی پەروەردە دەوەستێت و زۆر پڕۆژەی گرینگ ڕادەگیرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاگرتنی پەروەردە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە درووست دەکات. کاتێک منداڵان لە خوێندن دادەبڕێن، ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەژاری، کارکردنی منداڵان و درووستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیی تر. لە زۆر ناوچەی جەنگدا، زۆر منداڵ ناچار دەبن خوێندن جێبهێڵن و بچن بۆ کارکردن بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانەکانیان بدەن.

بەڵام، ئەگەر جەنگ سێبەرێکی تاریک لەسەر کۆمەڵگە درووست بکات، پەروەردە دەتوانێت دەرگایەکی ڕۆشن بۆ داهاتوو بکاتەوە. بە پاراستنی سیستەمی خوێندن و بەردەوامی فێربوون، کۆمەڵگە دەتوانێت نەوەیەکی ئاگادار و توانادار درووست بکات کە بتوانێت وڵاتەکەیان دووبارە بنیاد بنێنەوە.

بۆ ئەوەی کەرتی پەروەردە لە کاتی قەیران و جەنگدا بپارێزرێت، پێویستە هەندێک هەنگاوی گرینگ بگیرێن. لەوانە: دانانی پلانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ پاراستنی پەروەردە، هەبوونی پلانی جێگرەوە بۆ بەردەوامبوونی خوێندن لە دۆخی نائاسایی، پەرەپێدانی سیستەمی دیجیتاڵ و خوێندنی ئۆنڵاین، دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان، و پاراستنی بودجەی پەروەردە و دانانی وەک سەرمایەی سەرەکیی داهاتووی وڵات.

گەلەری