سەردێڕ:

پەیامی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی حەلەب

PM:08:12:08/01/2026

936 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا داوای لە چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا و هەسەدە کرد، دانبەخۆدا بگرن و بە زووترین کات کار بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، ئەنوەر عەنونی، وتەبێژی فەرمیی یەکێتی ئەوروپا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی ئارامی بن و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیبلۆماسی بۆ قەیرانەکە چڕ بکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هێرشی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە و بەهۆیەوە تا ئێستا نزیکەی ٧٠ کەس بونەتە قوربانی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش دەڵێن،زیاد لە چوار هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان تێکشکاندووە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەشڵێن، لە ئێستادا گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق قەدەغەی هاتووچۆیان لە هەردوو گەڕەکەکە راگەیاندووە و رێگەنادەن خۆراک و پێداویستی پزیشکی بگاتە دەست هاوڵاتیانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە.

وتیشیان، ئەوان لە بەرگریدان و تائێستاش دوو تانک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و حەوت درۆنی چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقیان تێکشکاندووە و دەیان سەربازیشیان لێ کوشتوون.

لای خۆیەوە هەسەدەش دەڵێت، بۆ سێیەم رۆژی یەک لەدوای یەک هێرشی چەکدارەکانیسەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب بەردەوامە و هێرشەکانیش ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە.

وتیشی، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق خەڵکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج و تا ئێستاش بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی ١٠ کەس شەهید بوون و ٥٦ کەسیش برینداربوون، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.













گەلەری