بانکی ناوەندیی عێراق لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار یەکەم روونکردنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بە جێبەجێکردنی باجی گومرکییەوە هەیە و نرخی فەرمی وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکردووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی فەرمی دۆلاردا رووینەداوە و وەک خۆی جێگیرە کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.
سەبارەت بەو
بەرزبوونەوەیەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، "ئەو نرخە
بەرزەی ئێستا مامەڵەی پێوەدەکرێت، پەیوەندی بە خواستی بازاڕی نافەرمییەوە هەیە لە
دەرەوەی سیستمی ئەو بانکە رێگەپێدراوانەی کاری حەواڵەی دەرەکی دەکەن".
بانکی ناوەندی
هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی رەش (بازاڕی هاوتەریب) بۆ جێبەجێکردنی
باجی گومرکی پێشوەختە دەگەڕێنێتەوە، کە وایکردووە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوەی
سیستمی بانکی زیاد بکات.
بەگوێرەی
راگەیەندراوەکە، وەرگرتنی باجی گومرگی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، فشارێکی گەورەی
لەسەر بازرگانان و داواکارانی دۆلاری کاش دروستکردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە
بۆ لاوازبوونی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
لە کۆتاییدا
بانکی ناوەندی جەختیکردووەتەوە لەوەی بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و گرتنەبەری
رێوشوێنی پێویست بۆ جێگیرکردنی نرخ و پاراستنی بەهای دراوی نیشتیمانی.