بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دەڵێت، ململانێکان لەسەر پۆستە باڵاکان لە عێراقدا بۆ دەستکەوتی کەسییە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) وتی، هۆکاری سەرەکی ئەو کێبڕکێ توند و شەڕەنگێزانەی لەسەر پۆستەکان لە عێراقدا دەکرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم پۆستانە وەک غەنیمەت و دەستکەوتی تایبەت سەیر دەکرێن.
بەرپرسەکەی پارتی جەختی
کردوەتەوە، پۆست لە عێراقدا بووەتە شوێنی گەیشتن بە بەرژەوەندی و ناوبانگ، نەک
ئەرکێکی نیشتمانی و بەرپرسیاریەتییەک بۆ خزمەتکردنی گشتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامی ئەم جۆرە ململانێیانە
وایکردووە کە هاووڵاتیانی ئاسایی لە نێو هەژاری و ژیانێکی سەختدا بمێننەوە، لە
کاتێکدا ئەو سیاسییانەی پۆستەکان بەدەست دەهێنن، لە نێو خۆشگوزەرانی و ژیانێکی
شاهانەدا دەژین.
ئەم قسانەی بەرپرسەکەی پارتی لەکاتێکدایە، پارتی و بەرپرسەکانی لەدوای
ساڵی ٢٠٠٣ـوە کێبڕکێیەکی توند دەکەن لەسەر پۆستەکانی بەغدا.