سەردێڕ:

سەرۆکی ڤەنزوێلا چۆن دەستگیرکرا؟ وردەکاری ئۆپراسیۆنە مێژووەیەکە

PM:01:45:03/01/2026

1708 جار خوێندراوەتەوە

دوای ساڵانێک لە داواکردنی لەلایەن ئەمریکاوە، دەنگۆی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نهێنی بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووە، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ناسراو بە دەلتا فۆرس لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیر بکەن.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، جیهان بە دەنگی تەقینەوە و هێرشی چەندین فڕۆکە بۆ سەر ڤەنزوێلا بە ئاگاهات کە سەرەتا وا بڵاوکراویەوە، کاراکاسی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی تری ڤەنزوێلا بۆردومان کراوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکی کتوپڕدا جیهانی هەژاند و وتی، سەرۆکی ئەو وڵاتە و سیلیا فلۆرێسی هاوسەریان دەستگیرکردووە و بە فڕۆکە لە وڵاتەکە براونەتە دەرەوە.

بەپێی ئاژانسە جیهیانییەکان هێزی دەلتا فۆرس، کە بە نهێنیترین هێزی پیادەی ئەمریکا دادەنرێت، ئۆپەراسینۆکەی ئەنجامداوە و بەرەبەیانی لە گەیشتوونەتە ناوجەرگەی پایتەختی ڤەنزوێلا و کۆشکی سەرۆکایەتی و دەستگیرکردنەکە کەمتر لە سی خولەکی پیویستبووە.
ئۆپراسیۆنەکە سەرەتا بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر وەزارەتی بەرگری و چەند ناوچەیەکی ستراتیژی سەربازی دەستیپێکردووە، دواتر تۆڕەکانی پەیوەندی ناوچەی لیبێرتادۆ پەکخراون کە کۆشکی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تێدایە و هێزی تایبەتی دەلتای ئەمریکی بە فڕۆکەی جەنگی دابەزیونەتەخوارەوە و ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنەکە دەستیپێکردووە و کۆی هێرشەکە سێ کاتژمێری خایاندووە بەڵام دەستگیرکردنەکەی تەنها سێ خولەکی خایاندووە و براوەتە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی کە چاوەڕێ دەکرێت مادۆرۆ رەوانەی ئەمریکا کرابێت.
دەلتا فۆرس، ئه‌و تيمه‌ تايبه‌ته‌ى ئه‌مريكايه‌ كه‌ لە ساڵی ١٩٧٧ دوای زیادبوونى جموجووڵی تیرۆریستان لەسەرتاسه‌رى جیهان، لەسەر دەستی کۆلۆنێڵ چارڵز بێکویز " Charles Beckwith" ، دامەزرا، کە ناوبراو بۆ ماوەیەک لەگەڵ هێزی ئاسمانيی بریتانیا لەم بوارەدا کاری دەکرد.

 

دەلتا فۆرس، هێزێکی تایبەتی ئەمریکایە، بە فەرمی بە تیمی ئۆپەراسیۆنی یەکەم ناسراوە، یەکێکە لە یەکە تایبەتییەکانی سوپای ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکانی زیاتر تایبەتن بە دژە تیرۆر.

هێزەکانی دەلتا فۆرس بە هاوبەشی لەگەڵ ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مريكا "سی ئای ئەی" ئەرکە نهێنیەکان بەڕێوەدەبات و لە کاتی سەردانی کەسە گرنگەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتان پاسەوانی کردنیان لەئەستۆ دەگرێت.

ئەم هێزە رۆڵی یەکلایکەرەوەی لە چەندین ئۆپەراسیۆنى تایبەتدا بینیووە:

١- ئۆپەراسیۆنی "چڕنووکی هەڵۆ" لە ساڵی ١٩٨٠، بۆ رزگارکردنی بارمتە ئەمریکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران كه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و شكستى هێنا.

٢- بەشداری کردن لە شەڕی ئەفغانستان و بینینی رۆڵی گەورە لە تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوه‌ی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

٣- ئۆپه‌راسيۆنى ده‌ستگيركردنى سه‌رۆكى پێشووى عێراق، سه‌ددام حوسێن

٤- کوشتنی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستيی" ئه‌لقاعیدە" لە مانگی ئايارى ساڵى ٢٠١١.

٥- شوێنپێ هه‌ڵگرتنى ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوى، دامه‌زرێنه‌ر و فه‌رمانده‌ى رێكخراوى "ته‌وحيد و جيهاد" تا كوژرانى له مانگى حوزه‌يرانى ساڵى ٢٠٠٦ له‌ پارێزگاى دياله‌.

٦- کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی "داعش" لە بەرەبەیانی رۆژى ٢٧ـی تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠١٩.

٧- دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی لە ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦.













گەلەری