وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی دوایین شەپۆلی بارانبارین لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەترسێجا داهاتی ئاو کۆگاکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە دوایین شەپۆلی باران و لافاوی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی باش داهاتی ئاو لە سەرچاوەکانەوە زیادیان کردووە و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان ئاستێکی بەرزتریان تۆمارکردووە.
ئاماژە
بەوەشکراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بەکاریگەری دوایین شەپۆل لە هەردوو
بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاو کۆگاکراوە،
دەربەندیخان ٦٠ سم و دوکان ٨٥ سم و بەنداوی دهۆک ١٦ سم و گۆمەسپان ٦٠ سم ، ئاستی
ئاو زیادیکردووە.
ئاشکراشیکرد، بەنداوە
بچوکەکانیش لە سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک کە توانیان بە سەلامەتی
شەپۆلی لافاوەکە تێپەڕێنن، زۆربەیان پڕبوون ئەوانی تریش زیادیان کردووە و ئاویان
لێ کۆگا کراوە.
جەختیشیکردەوە،
کاریگەریی شەپۆلەکە رۆژانی داهاتووش بۆ زیادکردنی ئاوی بەنداوە گەورەکان
بەردەوامە، هەرێمی کوردستان بە کەشێکی تەڕەوە و بوژانەوەی سەرچاوەکانی ئاو
پێدەنێتە ساڵێکی نوێ.