PM:08:25:23/12/2025
2772 جار خوێندراوەتەوە
لە بناری چیای سورێن لە گوندێک بە ناوی میری سوور، خەڵکی ئەو گوندە کێشەیەکی سەیر بەرۆکی گرتوون، ئەڵێن، هەر لە هیچ و خۆڕا حکومەتی ماوەبەسەرچوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون، گوایە ئەوان حەفارەیەکیان سووتاندووە کە هی کۆمپانیایەک بووە و کاری پێکردووە.
لەسەر ئەوە حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەستی گەیشتووەتە گیانی دانیشتووانی ئەو گوندە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەموو پیاوەکانی گوندەکە دەرکردووە و بەپێی بڕیارەکە ئەبێ هەموویان دەستگیربکرێن.
گوندەکە، ١٢ ماڵی تیایە و تاوەکو ئێستا ١٢ کەس دەستگیرکراون و چەند کەسێکیان بردوون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون، لە بەرامبەر ئازادکردنیشیاندا هەرکەسە و دوو ملیۆن دیناریان لێ وەرگیراوە.
خەڵکی گوندەکەش ئەڵێن، ئەوان ئاگایان لەو بابەتە هەر نییە و خەریکی ئیش و کاروباری خۆیان بوون و سووتانی حەفارەکە هیچ پەیوەندییەکیان بەو بابەتەوە نییە.