سەردێڕ:

هۆشداری دەدرێتە جوتیاران؛ ئەم کارە نەکەن گەنمیان لێوەرناگیرێت

PM:04:43:08/12/2025

320 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک پەیامێکی بەپەلەی بۆ جوتیارانی سنووری پارێزگاکە بڵاوکردەوە و ئاگاداریان دەکاتەوە کە بەزوترین کات هەژماری بانکی (UPN) دروست بکەن، ئەگەرنا ناویان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ناچێتە ناو سیستمی وەرگرتنی گەنمەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەگوێرەی ئاگادارییەک کە کشتوکاڵی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، هەر جوتیارێک ئەم هەژمارەی نەبێت و فۆڕمی تایبەت پڕنەکاتەوە، لە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی جوتیاران بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥ - ٢٠٢٦ بێبەش دەبێت.

چۆن مامەڵەکە دەکرێت؟

جوتیاران دەتوانن لە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی تا ١:٣٠ نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن بۆ کردنەوەی هەژماری (UPN)، دواتر دەبێت سەردانی هۆبە و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکەیان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتی بانکی.

ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ راییکردنی مامەڵەکە، پێویستە جوتیار یەکێک لەم بەڵگەنامانەی پێبێت، کارتی نیشتمان یان ناسنامەی باری شارستانی (تەسکەرە) و رەگەزنامەی عێراقی، بە مەرجێک بەرواری دەرچوونی تەسکەرەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کۆنتر نەبێت، بۆ هاوڵاتیی بیانی، پێویستە کارتی نشینگە و پاسپۆرتەکەی پێ بێت.

یو پی ئێن (UPN) چییە؟

ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) ناسێنەرێکی تایبەتی ١٣ ژمارەییە بۆ هەموو تاکێک لە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە و ئەم ناسنامەیە دەروازەیەکە بۆدەستڕاگەیشتن بە هەموو خزمەتگوزارییە دجیتاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.













گەلەری