دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وتی، محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە چارەسەری کێشەی سودان بکات، و سودانیش پێشوازی لە هەوڵەکانی سعودیە و ئەمەریکا کرد بۆ گەیشتن بە ئاشتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ و محەممەد بن سەلمان لە لووتکەی سعودیە - ئەمریکا ئامادەبوون، ترەمپ وتی، دوای ئەوەی بن سەلمان باسی سودانی کرد، نیو کاتژمێر دوای ئەوە ئیدارەکەی دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەو پرسە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، سەرکردەکانی عەرەب لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت محەممەد بن سەلمان،
داوایان لێکردووە کە دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنی ئاڵۆزیەکان لە سودان، و
سودان شارستانیەت و کلتوورێکی گەورەی هەیە، بەڵام بەرەو داڕمان چووە، و دەبێت لە رێگەی
هاوکاری و هەماهەنگی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە سامانێكی زۆریان هەیە چاکبکرێتەوە.
هاوکات وتیشی، لەگەڵ
سعودیە و ئیمارات و میسر و هاوبەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن بۆ
کۆتاییهێنان بەم دڕندەییانە، و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سودان.
هەروەها مەسعەد
بۆلس، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا وتی،
ئەمەریکا پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی سودان و گەلی سودان دەتوانێت بە ئاشتی
و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و ترەمپ ئاشتی دەوێت.
شەڕی سوودان لە
١٥ـی نیسانی ٢٠٢٣، لە نێوان سوپای سودان و
هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا و دەیان هەزار کەس بەهۆیەوە کوژران و
برینداربوون، و زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سوودان بوون.