سەردێڕ:

بۆچی ئێن ئاڕ تی ناکەوێت؟

PM:05:02:01/04/2026
676 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنی کۆمپانیای (مێتا)، کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ماوەیەکی پێوانەییدا و لەناو جەرگەی ڕووداوە ئاڵۆزەکانی جیهان و ناوچەکە، توانیویەتی نزیکەی ملیارێک بینین تۆمار بکات. ئەم ژمارەیە تەنها داتایەکى دیجیتاڵی نییە، بەڵکو کاتێک بەراوردی دەکەیت بەو میدیا زەبەلاحانەی دەسەڵات کە بودجەی خەیاڵیان بۆ تەرخان دەکرێت، تێدەگەیت کە لێرەدا هاوکێشەیەکی جیاواز هەیە، وەک بینەرێکی بەردەوام و چاودێرێکی میدیایی، دەمەوێت بێلایەنانە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، کە بۆچی ئێن ئاڕ تی وەک سەرچاوەی یەکەمی متمانەپێکراوى خەڵکىماوەتەوە؟ دەتوانین لەم خاڵانە پۆڵینیان بکەین:

یەکەم: ئێن ئاڕ تی خاوەن (سەروەری و پەیامە ) ئەو لەناو کۆشکی دەسەڵاتدارانەوە پلانى دامەزراندنى دانەڕێژرا بەڵکو لەناو شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و لەسەر شەقام لەدایکبوو، بووە ئەو چاوە بێلایەنەی کە حەقیقەتی پشتپەردەی ئاشکرا دەکرد و تابۆ سیاسییەکانی دەشکاند.، هەر ئەمەش بوو وایکرد لە یەکەم ساتەکانی تەمەنیدا بە ئاگر وەڵام بدرێتەوە، سووتاندنی کەناڵەکە هەوڵێک بوو بۆ کوژاندنەوەی ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵات لێی دەترسا.

دووەم: سەرباری هەموو ئەو قەیران و فشارانەى بۆ ( دەمبەستکردن) و سڕینەوەی ئەم کەناڵە گراونەتە بەر، ئێن ئاڕ تی نەکەوت، هۆکارەکەشی سادەی، چونکە ئێن ئاڕ تی بۆ شاردنەوەی ئازارەکان دروست نەبووە، بەڵکو بۆ ناساندنی ئەو دەستانە دروست بووە کە قەیرانەکان بەرهەم دەهێنن، لە غیابی ئێن ئاڕ تیدا، بۆشاییەک دروست دەبێت کە هیچ میدیایەکی ماکیاژکراو ناتوانێت پڕی بکاتەوە.

سێیەم: ئێن ئاڕ تی پشتیوانی لە پرسێک دەکات کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ نوێنەرایەتی دەکات، جوڵانەوەیەک کە بەهای سیاسی بۆ خزمەتی خەڵک گەڕاندەوە،ئەو ڕەوتە سیاسیەی پشتیوانی کەناڵەکە دەکات، سەرکردەیەکی لەپشتە کە خۆی قوربانیی یەکەمی ئەم ڕێگایە بووە، لە سوتاندنى کەناڵە و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵیدا و هەوڵی تیرۆرکردن و زیندانیکردنی، تا دروستکردنی دەیان بەربەستی یاسایی، ئەم خۆڕاگرییەی سەرکردەى جوڵانەوەکە و پاڵشتیکارى کەناڵەکە، بۆتە ووزەی بەردەوامیی.

چوارەم: ئێن ئاڕ تی خاوەن بودجەی خەیاڵی نییە و سەرچاوەی داهاتەکەى ڕوونە، جیاوازییەکە لێرەدایە، کارمەندێکی ئەم کەناڵە هەست بە ئێشی مامۆستایەک، فەرمانبەرێک، گەنجێکی بێکار و خانەنشینێکی بەردەم بانک و ئەى تى ئێمەکان دەکات، چونکە خۆیشی لە ناو هەمان ژیاندایە، ئەوان خەمی خەڵک وەک (زانیاریی خاو" ناگوازنەوە) بەڵکو وەک (خەمێکى هاوبەش) دەینوسنەوە، و دەیگەیەنن، ئەمەشە وایکردووە متمانەی جەماوەر بۆ کەناڵەکە بەردەوام بێت.

بێگومان ئێن ئاڕ تیش بێ کەموکوڕی نییە و لە ژێر فشاری دارایی و سیاسیدا ڕەنگە هەموو ستانداردە جیهانییەکانی بۆ نەرەخسابێت، بەڵام ئەوەی هەیە ( ئومێدێکی گەشە) ، پێشنیارم بۆ ئەم کەناڵە ئازیزە ئەوەیە؛ لە وەرزێکی نوێدا بە پلانێکی نوێتر و داڕشتنەوەیەک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان بگونجێت، بەردەوام بن، ئێوە لە ماڵی هەموو کوردێکدا هەن، چونکە ئێوە نەبوونە سێبەری دەسەڵات، بەڵکو وەک ئاوێنەی خەڵک مانەوە و دڵنیاشم هەر وەها دەمێننەوە، چونکە خۆتان دەتانەوێت لەویژدان و مێژووى نەتەوە و خەڵکێکى قوربانیدەر و بیمار بەدەستى سیاسیەکانى بمێننەوە.

گەلەری