سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای کرد کە لەلایەن کۆمپانیای (CAAP)ەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) بۆ دوو ساڵ کاری لەسەر ئامادەکردنی گرێبەستەکە کردووە و پڕۆژەکەش بە هاوبەشیی کەرتی گشتی و تایبەت جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژە
بەوەشکراوە، پەرەپێدانەکە لە قۆناغی یەکەمدا دروستکردنی هۆڵێکی نوێی گەشتیاری
لەخۆدەگرێت بە توانای پێشوازی لە نۆ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا کە دواتر بۆ ١٥ ملیۆن
گەشتیار بەرز دەکرێتەوە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی فڕینی فڕۆکە، دانانی پردی
سەرخستنی گەشتیار و نۆژەنکردنەوەی سیستمی خزمەتگوزارییەکان بەپێی پێوەرە
نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت.
بەپێی
گرێبەستەکە، راهێنان بە کارمەندە عێراقییەکان دەکرێت و لەگەڵ زیادبوونی هەر یەک
ملیۆن گەشتیار، هەزار هەلی کاری نوێ دەڕەخسێندرێت.
دروستکردنی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کۆتایی شەستەکاندا دەستیپێکرد و دوای قۆناغی
درێژی پەرەپێدان، لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ کرایەوە.