سەردێڕ:

ژمارەى دەنگدەر و وێستگەکانى دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق

PM:11:23:02/10/2025

300 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق خشتەى ژمارەى دەنگدەرى گشتى، تایبەت و ئاوارەکان، ناوەندەکانى دەنگدانى بڵاوکردووەتەوە، کە لە رۆژى هەشتى مانگی داهاتوو دەنگدانى تایبەتى هێزە ئەمنییەکان و لە رۆژى ١١ـی مانگیش دەنگدانى گشتى و ئاوارەکان بەڕێوەدەچێت.


بەگوێرەى خشتەکە، لە هەر بازنەیەکى هەڵبژاردن، ژمارەى دەنگدەرانى تایبەتى پارێزگاکە و ئەوانەشى لەو پارێزگایە دەنگدەدەن جیاکراونەتەوە و ناوەندەکانیان دەنگدانیان بۆ دیاریکراوە، بۆ ئاوارەکانیش بە هەمانشێوە ژمارە و ناوەندەکانی دەنگدانیان دیاریکراوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆی گشتی دەنگدەران ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ دەنگدەرە دابەش بوون بەسەر دەنگدەرانی تایبەت و گشتی و ئاوارەکاندا.

ژمارەی دەنگدەرانی گشتی ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ دەنگدەرە، دابەش کراون بە هەشت هەزار و ٧٠٣ ناوەندی دەنگدان کە ٣٩ هەزار و ٢٨٥ وێستگە لە خۆدەگرن.

ژمارەیدەنگدەرانی تایبەت ملیۆنێک و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەرە، دابەش کراون بەسەر ٨٠٩ ناوەندی دەنگدان کە چوار هەزار و ٥٠١ وێستگە لە خۆدەگرن.

ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکانیش ٢٦ هەزار و ٥٣٨ دەنگدەرە، دابەش کراون بەسەر ٩٧ ناوەند کە ٣٢١ وێستگەی دەنگدان لە خۆدەگرن.

کۆمسیۆنی باڵا هاوکات لەگەڵ ئەرکە سەرەکییەکەی، هەڵمەتێکی هاوتەریبی رێکخستووە بۆ بەشداری کردنی ژنان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا.

نبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، کۆمسیۆن بەراوردکارییەکی کردووە لە چالاکییەکانی پەیوست بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢١، بۆی دەرکەوتووە ژنان ئامادەییەکی باشتریان هەیە لە چالاکییەکاندا.

هۆکاری ئەوەشی گەڕاندووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی هەڵەکانی کۆمسیۆن و هاوبەشەکانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، جەختی کردەوە کۆمسیۆن هەوڵی تەواو دەدات بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی باش لە نێوان ژنان و پیاوان لەوبوارەدا و پاڵپشتی تەواوی ژنان دەکەن بۆ بەشداریی کارایان لە هەڵبژاردن و دەنگداندا.













گەلەری