سەردێڕ:

كۆمسیۆن هۆکاری دوورخستنەوەی ٤٦ كاندیدی لە هەڵبژاردن ئاشکرادەکات

PM:05:26:19/07/2025

1076 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، ٤٦ کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراوەتەوە، ئەوەش دوای وردبینی لە تۆماری ئەو كاندیدانە، لەو ژمارەیەش ١١ كاندیدیان بەهۆی ئەوەی كە بڕوانامەیان نەبووە دوورخراونەتەوە و سێ كاندیدی تریش گۆڕدراون و كاندیدی ژن لە جێگەیان دانراوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی دواین ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ١١ـی تشرینی دووەمـی ئەمساڵی پەرلەمان وتی، پرۆسەی وردبینی سەبارەت بە كاندیدی لیستەكانی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكاندا تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا ٤٦ كاندید دوورخراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی حزبەكانیان مەرجە پێویستەكانیان تێدا نەبووە بۆ قبوڵكردنی كاندیدبوونیان لەناو لیستەكانی هەڵبژاردن یان پێداویستییەكانی خۆكاندیدكردنیان تەواو نەبووە.

وتیشی، سیستمی تۆماری كاندیدەكان ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٢٥ لە ماددەی (٢) یەكەم-ت كە تایبەتە بە لیستی كراوە دەڵێت، رێژەیەك كە لە ٢٠٪ تێپەڕنەكات تەرخان دەكرێت بۆ ئەو كاندیدانەی كە بڕوانامەی دیپلۆم یاخود بڕوانامەكانی ئامادەیی و هاوتاكانیان هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە، ١١ كاندید كە هەڵگری بڕواناكەی ئامادەیی بوون و كاریگەرییان لەسەر ئەم رێژەیە هەبوو گۆڕدران بەوانەی كە هەڵگری بڕواناكەی بەكالۆریۆسن.

باسی لەوەشکرد، سەبارەت بە رێژەی ژنان لەچوارچێوەی لیستە كراوەكان، پیویستە رێژەیان لە ٢٥٪ـی ژمارەی كاندیدەكان كەمتر نەبێت، لەبەر ئەمە سێ كاندیدی پیاو گۆڕدراون بۆ گەرەنتیكردنی بەدیهاتنی ئەم رێژەیە لە ناو لیستدا.













گەلەری