PM:12:34:19/07/2025
1300 جار خوێندراوەتەوە
دوای ئاگرکەوتنەوە لە هایپەر مارکێتی شاری کوت کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیانلەدەستدا، بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو بەرپرس و فەرمانبەرانەی کە کەمتەرخەم بوون لە رووداوەکە، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥، عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری و لایەنی کەمتەرخەمی ئاگرەکەی شاری کوت پێکهێنرا، ئاشکرایانکردووە، کەمتەرخەمی زۆر لەلایەن بەشێک لە بەرپرسان و فەرمانبەران لە بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای واست بەدیکراوە، کە بووەتە هۆی گەورەتربوونی ئاگرەکە.
وتیشی، لەسەر
بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری لیژنەکە، ١٧ کارمەندیان بە شێوەیەکی کاتی
دوورخستەوە، تا ئەو کاتەی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەندرێت، لە
ناویاندا بەڕێوەبەری ئاسایشی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کوت دەگرێتەوە.
جەختیشیکردەوە،
سێ ئەفسەریش کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتوگوزاری واست،
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستنی واست و فەرماندەی کەرتی یەکەمی بەرگریی شارستانیی کوت،
راگیراون.