سەردێڕ:

دەیان هەزار زیارەتکار بۆ یادی عاشورا هاتوونەتە عێراق

PM:02:28:05/07/2025

1196 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دەیان هەزار زیارەتکار بۆ یادی عاشورا هاتوونەتە وڵاتەکەوە، دەشڵێت، سەرجەم دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پێشوازیکردنی زیارەتکاران.


ئەمڕۆ شەممە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، میقداد میری، سەرۆکی بەشی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکدا بڵاویکردەوە، دەیان هەزار زیارەتکاری عەرەب و بیانی لەڕێی دەروازە سنوورییە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە بۆ یادکردنەوەی عاشورا لە کەربەلا و مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە، سەردانی عێراقیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران و ئاسانکاری بۆ هاتنەناو وڵاتەکە.

عاشورا بە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەم دەوترێت، لای موسڵمانانی شیعە مەزهەب، بە رۆژێکی پیرۆز دادەنرێت و تێیدا ماتەم دەگێڕن، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە لەم رۆژەدا ئیمامی حوسێن کوڕی ئیمامی عەلی (ئیمامی سێیەمی شیعەکان)، بە فەرمانی یەزیدی کوڕی معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان، لە دوای شەڕێکی خوێناوی لە کەربەلا کوژراوە؛ هەربۆیە ساڵانە رێوشوێن و بۆنەی تایبەتی لای شیعە مەزهەبەکان بۆ دابیندەکرێت.













گەلەری