سەردێڕ:

وادەی دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى کێبڕکێى وەرگرتن لە خوێندنى باڵا دیاریکرا

PM:07:42:30/06/2025

1352 جار خوێندراوەتەوە

خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی کێبڕکێی بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان راگەیاند و دەڵێت، ئەنجامەکان لە سەرەتای مانگی تەمموزدا رادەگەیەنرێن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڵاوى کردووەتەوە، نزیکەى ٥٤ هەزار خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکە دەکەن و کێبڕکێ لەسەر ٣١ هەزار کورسی دەکەن.

دەشڵێت، زانکۆکان لە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەست بە چاوپێکەوتنی پێشکەشکاران دەکەن و ئەنجامی تاقیکردنەوەی کێبڕکێکانى خوێندنى باڵاش لە دوو و سێی تەمموزی داهاتوو رادەگەیەنرێت.

وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە، وەرگرتنی سەرەتایی لە ١٠ـی تەمموزی ٢٠٢٥ لە رێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆلێژەکانەوە بڵاودەکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم روونى کردبووەوە کە لە چواچێوەى هەماهەنگەکانیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى عێراقی فیدراڵ ١٠٠ کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە ژمارەیەک لە زانکۆکانى ناوەراست و باشوورى عێراق (بە شێوازى خۆرایی) بۆ پێشکەشکارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ دابینکراوە.













گەلەری