سەردێڕ:

لەسەر دزینی بەنزین ١٩ کەس دەستگیرکران

PM:04:29:22/06/2025

1300 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى دەستپاکى عێراق، دەتسگیرکردنى ١٩ کارمەندى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى پارێزگاى سەڵاحەدینى راگەیاند کە نزیکەى ٢٤٠ هەزار لیتر بەنزینیان دزى بوو.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاوى کردووەتەوە، تیمێکى دەستەکەیان لێکۆڵینەوەیەکى دەستپێکردووە بۆ بەنزینى دابینکراوى چەند بەنزینخانەیەکى پارێزگاى سەڵاحەدین و تێبینى کەمى بڕى بەنزینیان لەو وێستگانە بەدى کردووە.

دەشڵێت، دواى پشتڕاستکردنەوەى کەمى بەنزین بە بڕى ٢٣٩ هەزار و ٢٤١ لیتر، بە بڕیارى دادوەرى دادگاى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند لە پشکنینى دۆسییەکانى دەستپاکى لە سەڵاحەدین، ١٩ کارمەندى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون.

روونیشى کردووەتەوە، ئەو کەسانە بەپێى ماددەى ٣١٨ لە یاساى سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.













گەلەری