تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران دەڵێت، دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل پاکستان سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەیاندا داخست.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، پاکستان بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەیاندا دابخات بۆ ماوەیەکی نادیار.
میدیا کانی ئێرانیش دەڵێن، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی چاغی، وەشوک،
پەنجگور، کەچ و گوادەر لەنێوان هەردوو وڵات داخراون.
بەپێی راپۆرتێکی ئەنادۆڵیش، پاکستان دەڵێت، دوای دەستپێشخەری
ئێران بۆ داخستنی دەروازەکان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەمەبەستی
بازرگانی و جوڵەی پیادە داخراون.
دەشڵێت، دەروازەکان
بە کراوەیی دەمێننەوە، رێگە بە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە پاکستانییانە دەدرێت کە لە
ئێران گیریان خواردووە بگەڕێنەوە بەڵام جەختی لەوە
کردەوە کە تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر رێگە بە چوونە ژوورەوەی نوێ بۆ ئێران نادرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٣ـی حوزەیران ئیسرائیل یەکەم گورزی بۆ ئێران
وەشاند و بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج، دواتر ئێران هێرشی پێچەوانەی
دەستپێکرد و ئەمڕۆ چوار رۆژە هێرشەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە و کوژراو
و برینداری لێ کەوتووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، هێرشەکان بۆماوەی هەفتەیەک
بەردەوامییان دەبێت.