سەردێڕ:

وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و پوتن

PM:08:22:14/06/2025

2008 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی روسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنێکی ٥٠ خولەكیان ئەنجامدا و بە وتەی راوێژكارێكی پوتنیش، باسیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی بەردەوامی ئۆکرانیا کردووە.


ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، یوری ئۆشاكۆف، راوێژکاری سەرۆکی روسیا لە بواری سیاسەتی دەرەوە و باڵێۆزی پێشوی مۆسكۆ لە واشنتن وتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا تەلەفۆنێکی٥٠ خولەكیان ئەنجامدا.

باسی لەوەشکرد، ترەمپ و پوتن باسیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی بەردەوامی ئۆکرانیا کرد و پوتن ئۆپراسیۆنی سەربازی ئیسرائیلی دژ بە ئێران شەرمەزار كرد و نیگەرانی خۆی لە دەرئەنجامە ناوچەییەکانی دەربڕی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆكی روسیا ئامادەیی وڵاتەكەی دوپاتکردەوە بۆ ئەوەی وەک نێوەنگیر لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا مامەڵە بکات و ئامادەیە یارمەتی هەردوولا بدات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

هەروەها، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان ئەمڕۆ شەممە دوپاتیکردەوە کە خولی داهاتوی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بەڕێوە بچێت، بەو شێوەیەی کە دیاری کراوە ئەنجام نادرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بنکە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج، ئێرانیش هێرشەکانی شەوی رابردوو دەستپێکرد و تا ئێستا هەردوولا بەردەوامن.














گەلەری